هەڵمەتی هاوکاری و بەهاناوەچوونی بێوێنەی خەڵکی شارو ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ بوومەلەرزەلێدراوانی پارێزگای کرماشان، نیشانی دایەوە کە ئەم میللەتە چەندە لەخوبردوو و سەخاوەتمەندە.
بەخشندەیی ئەم میللەتە بۆتە بەشێک لە کلتوور و فەرهەنگی ژیان و خەبات و بەرخودانی. هەر ئەم کتوورە لە لەخۆبردوویی وای کردوە کە ئەم میللەتە بەرگەی هەر چەشنە کارەساتێکی سرووشتی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بگرێ و سەرەڕای هەموو نەهامەتی و داپلۆسینێک بە دەستی سرووشتی بێبەزەیی و داگیرکەرانی دڵ پڕلە قینەوە، بمێنێتەوەو سەربەرزانە درێژەی بە حەیاتی خۆی بدات.
سەخاوەتمەندیی ئەم میللەتە هێند بەرز و پڕمانایە کە بۆتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی پڕ لە مەینەتی مێژوویی ئەم خەڵکە و، “بەخشندەیی”، تەواوی سەروماڵ و گیانی داگرتووە. ئەم تایبەتمەندییە بەرزە ئینسانی و خەباتکارانەیە تەنیا پێوەندی بە لایەنی سامانی مادیی ئەم میلەتەوە نیە، بەڵکوو لە رووی مەعنەوی و گیانیشەوە، بەخشندەیی و سەخاوەتمەندی بۆتە پێناسەیەکی شوناسخوازانەی ئەم میللەتە و، بەخشینی گیان و گیانبەختکردن سەرتاپای گیانی ئەم میللەتەی داگرتووە.
بێگومان ئەم خسڵەتە ئینسانی و کوردانەیە هەروا لە خۆڕاو نیە و پاشخان و باگراوەندێکی بەرزی مێژوویی خەباتکارانەی لە پشتە کە بە رووبارێک لە خوێن و قوربانیداندا تێپەڕ دەبێ. ئەم میللەتە لە “پێشەوا”و “رێبەران” و “پێشمەرگە”وە فێربووە کە “سەروەری”، “عیززەت”، “شەرافەتمەندی” و ماناکانی بەرزی ئینسانی، بە بێ بەخشندەیی و سەخاوەتمەندیی نایەنە دی.
لە پێشەوای مەزنی کۆماری کوردستانەوە فێربوون کە زۆر جار تەنیا بەخشینی گیانی خۆمانە کە دەتوانێ پارێزگاری لە مانەوەی خەڵکەکەمان بکات. لە رێبەرانی شەهیدەوە فێربوون کە ناکرێ بە ترس لە بەخشینی سەر و گیان، باس لە سەروەری و دەستەبەرکردنی شانازییەکانی میللەتێک بکرێ. لە پێشمەرگەی نیشتمانەوە فێر بوون کە بۆ بەسەربەرزی ژیان و بەهاناوەچوونی میللەتێک، دەبێ گیان و ماڵمان فیدا بکەین.
تاکەکانی ئەم میللەتە نیشانیان دایەوە کە جاری وایە “میللەتێک چاوی لەوانە”، بۆیە دەبێ لە پێناو ئەو چاوەڕوانییەدا بەخشندەو سەخاوەتمەند بن.
هەڵمەتی خەڵکی سەخاوەتمەند و بەخشنەی کوردستان بۆ یارمەتیدان و یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خوشک و برا بوومەلەرزەلێدراوانیان لە پارێزگا هەمیشە “فەرهاد و شیرین”ەکەی کرماشان، نیشانی دایەوە کە ئەم میللەتە دەرسەکانی بەخشندەیی و سەخاوەتمەندی لە گیانبازی و فیداکاریی و سەردانەنەواندنی رۆڵە و رێبەرە خەباتکارانی خۆی وەرگرتووە.
ئەم خەسڵەتە بەرزە ئینسانی و نەتەوەییە لە نێو کوردی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هێندە لە رووی پێگەیشتن و بەرزیی هەست و شعووری نەتەوەییەوە بەربەرینە کە تەنانەت پەلی بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هاویشتووە و، دەکرێ بۆ نموونە ئاماژە بە بەهاناوەهاتنی خەڵکی شەنگال و کۆبانی لە باشووری و رۆژاوای کوردستان بکەین کە لە جەریانی هێرشەکانی تێرۆریستانی داعشدا لێیان قەوماو و پێویستیان بە هاوکاری بوو. لەم پێوەندییەدا خەڵکی زۆرێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی ئەم شارانەی کە ئەمڕۆ بە هۆی بوومەلەرزەوە ئێستا خۆیان پێویستیان بە هاوکاریکردنە، بە کۆکردنەوەی کەل و پەلی پێویست، یارمەتیی خوشک و براکانیان لەم دوو بەشەی کوردستان دا.
لە کۆتاییدا جێی خۆیەتی هەموو لایەکمان بە رێزو پێزانین و لە هەمانکاتدا، بە شانازییەوە سەیری هەڵوێستی میللەتی خۆمان بکەین.