بەپێی ڕاپۆرتی ڕەسمییەکانی ئێران، سەرکۆماری ئێران کە ئەمڕۆ بە بۆنەی بوومەلەرزەکەوە سەردانی کرماشانی کردووە و گوتی، دەبێ خەڵک لە دروستکردن و نۆژەنگردنەوەی خانووەکانین دەست ببزێون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئێران، کە زمانحاڵی ڕەسمیی دەوڵەتە، ئەمڕۆ سێشەممە حەسەن ڕۆحانی لە لێدوانێکدا ڕوو بە خەڵکی لێقەوماوی کرماشان گوتوویەتی: “دەبێ خەڵک بۆ خۆیان بە وامی بێ سوود دەست بکەن بە نۆژەن و چاککردنەوەی خانووەکانیان”.
هەروەها داوای لە خەڵکیش کردووە کە لەخۆڕا و سەربەخۆ یارمەتی و هاوکاری کۆ نەکەنەوە و دەبێ لەڕێگەی “خاچی سوور و کۆمیتەی ئیمداد”ەوە بێ.
هاوکات لەگەڵ قسەکانی حەسەن ڕۆحانی، چەندین پێشنوێژ و مەلای دیکەی ئێرانی و ئیمام جومعەی شاری کەنگاوەر پاش ڕوودانی بوومەلەرزەکە لە جیاتی ئەوەی کە دڵگەرمی خەڵک بدەنەوە گووتیان “بەڵای سروشتی بووە و خەڵک دەبێ دەرسی عیبرەتی لێ وەربگرن، لەو جۆرە کاتانەدا نابێ خەڵک چاوەڕوانی یارمەتیی حکوومەت بن و ئێمەش تەنیا دەتوانین دۆعای خێرتان بۆ بکەین”.
بەپێی زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پاش زیادبوونی خەسار و زیانە گیانییەکان بەهۆی داڕووخانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مێهر، کێشە کەتووەتە نێوان بەرپرسانی حکوومەتی ئێران و بەتایبەت لە نێوان مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرکۆماری پێشوو – چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا پرۆژی مێهر بنیات نراوە – و حەسەن ڕۆحانی مشتومڕ ڕووی داوە و یەکتریان بە کەمتەرخەم تۆمەتبار کردووە.
لەلایەیەکی دیکەشەوە بە دەیان ڕێکخراو ئەنجومەنی کۆمەڵگەی مەدەنیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای ئەو کارەساتەوە دەستیان کردووە بە چالاکی و وەرێخستنی کەمپین بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی و هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام دامودەزگا ڕەسمییەکان و بە تایبەت قایمقام و ناوەندە ئەمنییەکانی هەڕەشەیان لە چالاکانی مەدەنی کردووە کە ناتوانن سەربەخۆ ئەو کارانە بکەن و دەبێ لەرێگەی دامودەزگا ڕەسمییەکانەوە یارمەتییەکان بگەنە خەڵک و پێشیان بەو چالاکییانە گرتووە.