خەڵكی لێقەوماوی شاری بوومەلەرزە لێدراوی سەرپێڵی زەهاو لە بەردەم بینای فەرمانداری ئەوشارە خۆپێشاندانیان کرد.
بەهۆی کەمکاریی و خەمساردی بەشێک لە ناوەندە حکومییەکان بۆ پێڕاگەیشتن بە قوربانیان و وەبەرکەوتووانی بوومەلەزە ، خەڵکی ئەوشارە بە ئامادەبوونیان لە بەردەم فەرمانداری نارەزایەتییان دەربڕی.
بە گوێرەی کەسانی خۆبەخش کە بۆ یارمەتیدان بەهانای خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی پارێزگای کرماشان رویشتوون بەتایبەتی شاری سەرپێڵی زەهاو، باس لە نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و پێداویستییەکان دەکەن.
لە پێوەندی لەگەڵ نەبوونی ئیمکاناتی پێویست ،پزیشکێک بە ناردنی گرتە ویدئۆیەک بە کوردستان و کوردی ڕاگەیاند کە بەهۆی روخانی نەخۆشخانەی شاری سەرپێڵی زەهاو کە تازەساز کراوە! برینداران لە دۆخێکی نالەباردان و چارەسەری پزیشکییان بۆ ناکرێ و هەربۆیە برینداران بۆ شارەکانی تاران و کەرەج و کرماشان دەبێ بگوازرێنەوە. لە لایەک دیکەش نەبوونی کەلوپەلی پێویست و شوێنی حەسانەوە ئەو خەڵکەی لەگەڵ کارەساتێکی دیکە ڕووبەڕوو کردوتەوە.