دوای کارەساتی دڵتەزێنی بوومەلەرزەی شەوی ٢١ی خەزەڵوەر کە لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەتی لە شاری سەرپێڵیزەهاو خەساروزیانی گیانی وماڵیی لێکەوتووتەوە، نوێنەرانی کورد لە مەجلیسی شوڕای ئیسلامی بە واژۆکردنی نامەیەک لە هەمبەر کەمتەرخەمیی ناوەند، لەو بارەوە بە توندی ڕەخنەیان گرت.
نوێنەرانی کورد لە نامەکەیاندا بە باس کردن لە زیان و خەساری لەڕادەبەدەری ئەو کارەساتە کە بوتە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکێکی زۆر، کەمکاریی چەندین ساڵەی دەوڵەتەکان و گرینگی نەدان بەگەشەی شارەکانی کوردستان و کەموکۆڕییەکانی کەرتی ئاوەدانکردنەوەیان بە هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی خەسارەکانی ئەو ڕووداوە دەزانن و ڕایانگەیاندوە:
یەکەم شوێن کە بە هۆی بوومەلەرزە لە شاری سەرپێڵی زەهاو روخا، بینای نەخۆشخانەی ئەو شارە بوو کە نیشان لە گرینگی نەدان و خەمساردی دەوڵەتانی دەسەڵاتدار بە گەشەی ئاوەدانی لەو ناوچانەیە و پێویستە بە جیددی سەرەنجی بدرێ.
لە بەشێکی دیکەی نامەی نوێنەرانی کورددا هاتووە، ئاسەواری زیانباری بوومەلەرزەی شەوی یەکشەممە لە ناوچەی کرماشان نیشانی دا کە بەشێکی هەرەزۆری خانوو و بینای سازکراو لەو پارێزگایە بەرانبەر بە رووداوە سرۆشتیەکان قایم و جێی متمانە نین و بێ گومان دەوڵەت و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەو بارەوە بەرپرسن.
جێیئاماژەیە بریارە سبەی سێشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر حەسەن روحانی سەرۆککۆماری ئێران سەردانی پارێزگای کرماشان بکا.
شیاوی باسە هەواڵەکان باس لەوەدەکەن تاکاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پتر لە ٣٥٠کەس لە پارێزگای کرماشان گیانیان لە دەستداوەو بە هەزاران کەسیش بریندار بوون و بەڵام تا ئێستا ئاماری دروست لە خەسار وزیانەکانی ئەو کارەساتە بڵاونەکراوەتەوە.