وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران لە وڵامی وتەکانی ئەم دواییانەی سەرۆککۆماری فەڕانسە لە کاتی سەردانەکەی لە ناوچەی کەنداودا وتی: فەڕانسە پێویستە بە نیسبەت رووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئینسافەوە هەڵسوکەوت بکا و هەروەها هەڕەشەی کرد کە پرسی بەرگریی ئێران بۆ باس کردن نابێ.
شەوی ڕابردوو ٢٠ی خەزەڵوەر بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە نیگەرانییەوە باسی لە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و هەروەها بەرانبەر بە قسەکانی مانۆئێل مەکرۆن سەرۆککۆماری فەڕانسە بە توندی هەڵویستی گرت.
بەهرام قاسمی لە درێژەی قسەکانیدا لە پشتیوانی کردنی فەڕانسە لە بەرەی عەرەبی دژ بە ئێران ،نیگەرانی دەربڕی.
شایانی باسە لە دوای مووشەک هاویشتنی حەوسییەکانی یەمەن بۆ عەرەبستان کە لەو بارەوە کۆماری ئیسلامی و دەستێوەردانەکانی بە تاوانبار دەزانن، چەندین وڵات و وەکوو عەرەبستان و یەمەن و بەحرەین و هەروەها ئەمریکا خوازیاریی ئەوە بوون کە پێش لە سەرەرۆییەکانی ئەو وڵاتە بگیردرێ.
هەر لەو پێوەندییەش رۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو سەرۆککۆماری وڵاتی فەڕانسە مانۆئێل مەکرۆن رایگەیاند کە؛ “رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا گەلێک مەیرسیدارەو ئەگەری بایکۆت دژ بە بەرنامە مووشەکییەکانی ئەم وڵاتە لە ئارادایە”. ناوبراو وتی پێویستە لە رێگای دانیشتن و دیالۆگ لە گەڵ ئێران ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و ڕاستەوخۆ بە بەرپرسانی ئێرانی بوترێ کە ئەوەی لە ناوچەکەدا دەیکەن بۆ کۆمەڵگای جیهانی قابیلی قبووڵ نیە.