رۆژی ٢٠ی خەزەڵوەر ڕێکەوتی ١١ی نوامبر بەرهەمێکی دیکەی دوکتور عەلی مازووجی لە ژێرناوی “هەڵۆ و ڕێوی و گورگ”
لە وڵاتی ئۆتریش پەردەی لەسەر لادرا.
لە ڕێوڕەسمی پەردە لادان لەسەر دوا بەرهەمی دوکتور عەلی مازووجی چەندین کەس لە کەسایەتییە فەرهەنگی و سیاسییەکانی ئاشنا لەگەڵ کوردستان بەشدارییان کرد و هەروەها گرووپی برفین، چەند تابلۆی مووسیقاییان پێشکەش کرد.
دوای قسەکانی توماس شمیدینگەر کارناسی سیاسی لەسەر کوردستان و باس کردن لە ڕەوشی ئێستاکەی ئەو ناوچانەی کە کەوتە بەر پەلاماری داعش بەتایبەتی شەنگال و کۆبانی و، خوێندنەوەی چەند چیرۆک لە کتێبی “هەڵۆ و ڕێوی و گورگ” لە لایەن کلاوز هۆلیەوە.
پاشان خاوەنی ئەو بەرهەمە لەسەر چۆنیەتی نووسین و ناوەڕۆکی کتێبەکەی کورتەیەکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
شایانی باسە نووسەری ئەو بەرهەمە کە هەڵگری بەسەرهات و هەقایەتەکانی کوردستانە بەتایبەتی لە ناوچەی سەهۆڵانی مەهاباد و دەوروبەری، بڕیاری داوە کە لە داهاتی فڕۆشتنی ئەو کتێبە قوتابخانەیک بۆ ٨٠٠منداڵی دایک و باوک کوژراوی کۆبانی دروست بکات و لە ڕێوڕەسمی پەردە لادانیش بە وردی باسی لە هۆکار و ئامانج لە نووسینی کتێبەکەی کرد.
هەروەها جێیئاماژەیە دوکتور عەلی مازووجی کۆمەڵێک چیرۆک و بەسەرهاتی کە لە زاری پیرە پیاوان و ژنانی ناوچەی لە دایکبوونی بیستووە (کە بەشێکی بەنرخن لە ئەدەبی زارەکیی) تا ئێستا لە دوتۆی دوو کتێب لە چاپ داوە.
ساڵی ١٩٩٢ی کتێبی “شێری داروغە”ی چاپ کردووە و بەرهەمی دیکەشی بەناوی “هەڵۆ و ڕێوی وگورگ و چیرۆکی کوردی” بەزمانی ئاڵمانی لە چاپ داوە.
ئەو کتێبە ١٤٤ لاپەڕە و ٢٢ چیرۆکە، کە دوکتور هاینس فیشیر سەرۆک کۆماری پێشووی ئۆتریش پێشەکی بۆ نووسیوە.