کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کردنەوەی پایەگاکی نیزامی بۆ هەمشە لە سووریە دەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بیبیسی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرقاڵی کردنەوەی بنکەیەکی نیزامی هەمیشەیی لە دەوروبەری ناوچەی “ئەلکسوە” هەڵکەوتوو لە ١٤کیلۆمیتریی باشووری دەمێشق، لە وڵاتی سووریەیە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەبارەی نفووزی ئێران لە سووریە، لوبنان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وریا کردووەتەوە کە سووریە هێزی نیزامی کۆنەکاتەوە.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ئەو بنکە سەربازییە لە ١٢ بینا پێکهاتووە کە ئەگەری زۆرە بۆ جێکردنەوەی ئۆتۆمبێلی نیزامی و سەربازخانە دروست بکرێ.
لە چەند مانگی ڕابردووشدا چەندین بینای دیکەش هەر لەو شوێنە دروست کراون، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئایا هێزە نیزامییەکانی ئێران تێیدا جێگیر کراون، یان نا؟
بە قسەی چاودێرانی سیاسی و نیزامی مانەوەی درێژخایەنی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە زۆر دوور لە چاوەڕوانی نیە و ماوەی حەوت ساڵە بە ئاشکرا لە وڵاتی سووریە نیشتەجێ بووە.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەوە تاوانبارە کە سەرقاڵی دروستکردنی “هیلالی شیعە” لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و لەو ڕێگەیەوە خەریکی پڕچەککردن و پشتیوانی کردن لە حیزبوڵای لوبنانە.