بە پێی هەواڵێک کە لەشاری سەقزەوە بە دەستمان گەیشتووە شێخ مەحموود قەرەبوغرە خەڵکی ناوچەی شوڕشگێری سەقز لە تەمەنی ٩٥ ساڵەیی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
شێخ مەحموود لە کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری گەل و نیشتمان و لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز بە هۆی هەڵسوکەوتی کوردانەو بوێرانەی جێگە و پێگەی تایبەتی هەبوو.
ناوبراو بە وتەی ناسیار و دۆستانی کەسێکی رووخۆش و روح سووک بوو و لە پێناوی خزمەت بە بزاڤی مافخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر خزمەتێک کە لە توانای هات بێ، دەریغی نەکردووە.
ئەو مرۆڤە خۆشەویستە دوای تەمەنێک رووسوورانە، شەوی ١٧ی خەزەڵوەر بە هۆی نەخۆشییەوە، دڵە پڕ ئاواتەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای پرسە و سەرەخۆشی کردن لە سەرجەم کەسوکاری خوالێخۆشبوو، بەتایبەتی بنەماڵەی ڕێزدار شێخ مەحموود هیوای سڵامەتیان بۆ دەخوازێ و، خۆی بە هاوخەمیان دەزانێ.