ئەنجومەنی فەرهەنگی_ کۆمەڵایەتی (نۆژین) لە درێژەی چالاکییەکانیدا لە دێی “نێزەڕۆ” سەر بە شاری بانە خولێکی دیکەی فێرکاریی زمانی کوردی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد و بەو بۆنەیە شهوی ١٧ی خهزهڵوهری ١٣٩٦ ی ههتاوی ،کۆڕێک بۆ ڕیز لێنان و پێدانی بڕوا نامه و ڕێزنامه به قوتابیانی پۆلهکانی زمانی کوردی له گوندی نێزهڕۆی بانه بهڕێوه چوو
ئەو ڕێوڕەسمە فەرهەنگییە کە بە پێشکەشکاری فەرانەک شابانی بەڕێوەچوو ، سەرەتا بە خوێندنەوەی چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی لە لایەن دوو کیژ و کوڕی خەڵکی ئەو گوندە ، ڕێوڕەسمەکە درێژەی پێدرا.
پاشان لە لایەن مامۆستای ئایینی گوندی نێزەڕۆ وتارێک لەسەر گرینگی زمانی دایک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر هیدایەت عادڵی مامۆستای خولەکە، بابەتێکی پێوەندیدار بە زمان و ڕێنووسی کوردی خوێندەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەدا هونەرمەند ناسر ڕەسووڵپوور گۆرانییەکی نیشتمانی ، پێشکەش بە ڕێوڕەسمەکە کرد و هەروەها مامۆستا کەریم دافعی یەکێک لە بەڕێوەبەران و خەمخۆرانی فێرگەی زمانی کوردی و شاعێری بەهەست، چەپکە شێعرێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
وتنەوەی سروودی “خوایە وەتن ئاواکەی”، بە دەنگی منداڵە چاوگەشەکانی گوندی نێزەڕۆ یەکێک لە جوانترین بڕگەکانی ئەو ڕێوڕەسمە بوو.
پاش پێشاندانی کورتە فیلمێک بە بۆنەی زمانی زگماکییەوە کە لە لایەن ئەنجومەنی نۆژینەوە ئامادەکرابوو، نۆرە گەیشتە دابەشکردنی رێزنامەو بڕوانە بەسەر قوتابیان و بەڕێوەبەرانی ئەو خولە فێرکارییە.
شایانی باسە لە درێژەی ئەو ڕێوڕەسمەدا مامۆستایان و مێوانانی بەشداربوو، بە پێشکەش کردنی کتێب و گۆڤار، کتێبخانەی گوندی نێزەڕۆیان دەوڵەمەندتر کرد.