زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی شاری یەزد، پاش داواکارییەکی زۆر ئیزنی مەرەخەسی پێدرا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێەخۆییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی خەزەڵوەر، “والی دروودی” بەندکراوی سیاسیی کورد خەڵکی شاری کامیاران لە زیندانیی ناوەندیی شاری یەزد ئیزنی ١٥ ڕۆژ مەرەخەسی پێدرا.
سەرچاوەیەکی نزیک بە ناوبراو ڕایگەیاند: والی دروودی بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆنی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مەرەخەسی پێدراوە. ئەو بەندکراوە سیاسیە کوردە بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە.
شایانی باسە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە، خەڵکی گوندی “چرۆسانە”ی سەر بە شاری کامیاران و یەکێک لە زیندانیانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی بووە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاویدا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی بەرهەڵسکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەوە.