شاعێری ناسراوی ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی یادداشتێک لە هەڵسوکەوتی وزارەتی فەرهەنگ و ئیرشاد ئیسلامی سەبارەت بە رێگریی کردن لە چاپ و بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە شێعرێکی نوێ ڕەخنەی گرت.
ناوبراو رۆژی دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەر بە خستنەبەرباسی دوایین بەرهەمی شێعریی خۆی لە ژێرناوەی “سروودی روحی مەزن” کە حەوت مانگە لە بەشی چاپەمەنی وزارەتی ئیرشاد ڕاگیراوە، ڕایگەیاند: دەبێ بزانم بە چ تاوانێک حەوت مانگە ئیرشاد ئیسلامی کتێبی منی ڕاگرتووە و مافی بڵاو کردنەوەم پێ نادەن.
ئەو قەڵەمبەدەستە ناسراوە کە بەرهەمەکانی لە ئێران پێشوازیی زۆری لێدەکرێ بە باس کردن لە هەبوونی سانسۆر لە دامودەزگاکانی ئێران لە هەمبەر کۆی بەرەهەمەکانی لەو بارەوە وتی: ئەگەرچی لە ئێران سانسۆرێکی بەربڵاو هەیە بەڵام هیچ کات نەبووتە هۆی نائومێدی و تا ئێستا کۆڵم نەداوە.
شایانی باسە سەید عەلی ساڵحی شاعێری نوێخواز و بە ناوبانگ، خاوەنی چەندین بەرهەمی شێعرییەو بەرانبەر بەشێكی زۆر لە رووداوەکانی ئێران و کوردستان هەڵوێستی هەبووە .
ئەشراق و سێ گۆشەکان، عاشق بوون لە سەرماوەز و مردن بە کاتی خەرمانان، درەنگ هاتی ڕیڕا، نامە کان و نیشانەکان، مەخابن مەلا عومەر، لە بەرچاوترین بەرهەمەکانی ئەو شاعێرەیە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە سەید عەلی ساڵحی دۆستایەتی باشی هەیە لە گەڵ نووسەرانی کورد و هەموو کات لە لێدوانەکانی ئاستی وێژە و ئەدەبیاتی کوردی بەرز نرخاندوە.