شەوی ڕابردوو ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر کەسێکی دێموکراتدۆست و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان کۆچیدوایی کرد.
قادر بروشان ناسراو بە قادر قەیتران خەڵکی ئاوایی گۆگجەلی سەربەناوچەی ئاڵەشینی بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
ئەو خۆشەویستەمان جیا لەوێ باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبە بە ناوی قارەمان بروشان، وەکوو زۆربەی بنەماڵەی سەرفەرازی پێشمەرگەو تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات سەرەڕای ئەزیەت و ئازاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە سەربەرزییەوە ژیانی بەسەر برد و هیچکات لە پێناوی خۆشەویستی نیشتمان خەمسارد نەبووە.
قادر بروشان زیاتر لە ٤٠ساڵ بە هەموو توانایەکەوە خزمەتی بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان کرد و لە ساڵانی ئاستەمی خەباتی چەکداری و ڕەوای گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هیچ خزمەت و تێکۆشانێک دەریغی نەکردووە.
شیاوی باسە قارەمان بروشان کوڕی قادر بروشان لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دایە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەمەگناسییەوە سەیری سەربردەی خوالێخۆشبوو قادر بروشان دەکا و پرسەو سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە سەرجەم کەسوکار و بنەماڵەی بەڕێزیان دەکا.