نۆ خولەک و پازدە چرکە: کات، نادیار. هەورە. خەڵکێکی زۆر؛ ژن و پیاو [پیر و گەنج] و منداڵ [کوڕ و کچ] نیو بازنەیەکیان درووست کردووە. زۆزبەی ژنەکان خەم و دڵەڕاوکێ بە ڕوخساریانەوە دیارە. پیاوەکان بەڵام هەموویان تووڕەیی و نەفرەت ڕوخساری داگرتوون. منداڵەکان گێژ و وڕ زاریان داپچڕیوە.
لە ناوەندی نیوبازنەکە شتێکی کۆتەڵ ئاسا بە چارشێوێکی ڕەش داپۆشراوە. پێدەچێ نیوەی لە زەوی ڕۆکرابێ. کۆگایەک بەرد لە بەردەمی خەڵکەکە ڕۆکراوە.
مامۆستایەکی ئایینی لەبەر دەمی کۆگا بەردەکە ڕاوەستاوە و بە زمانی عەڕەبی خەریکە قسە دەکات.
دوگمەی عەباکەی کراوەتەوە و پشتوێنێکی سپیی گوڵڕەشی بەستووە.
هەرکە مامۆستا ئایینییەکە قسەکانی تەواو دەبێ. کۆتەڵە ڕەشەکە وەجووڵە جووڵ دەکەوێ، دەنگێکی ناڕوونی لێ بەرز دەبێتەوە. دەنگێک لە شێوەی قرووسکە قرووسکی تووتکەسەگی لێدراو. پیاوەکان بەخێرایی دەچن لە کۆگاکە سەر و بەردێک هەڵدەگرن. منداڵەکانیش دوا بەدوای پیاوەکان بە خێرایی و بە پاڵەپەستۆ سەروو بەردێک هەڵدەگرن. دوو پیاو دوای منداڵەکان دەگەرێنەوە و سەروو دوو بەردی دیکە هەڵدەگرن. دوو ژن بە خێرایی و بە پەلەپڕووزە، دوا بەدوای منداڵەکان پڕ بە بەردەکان دادەکەن و سەر و دوو بەرد هەڵدەگرن. ژنەکانی دیکە بە خاوەخاو و بەسەبری دەچن سەرووبەردێک هەڵدەگرن.
مامۆستا ئایینییەکە بە دەنگی بەرز دەڵێ: «ئێستاش خودای ئەڕڕەحمان و ڕەحیم چاوی لە دەستی ئێوەیە! ئەڵاهووئەکبەڕ.»
یەکێک لە ژنە بەپەلەکان یەکێک لە دوو بەردەکەی لە کۆتەڵەکە هەڵدەکات.
خەڵکەکە هەموو چاویان لە دەستی مامۆستا ئایینییەکەیە. مامۆستا بەردێک لە کۆتەڵەکە هەڵدەکات. هەموان پێکەوە دەڵێن: «ئەڵاهووئەکبەڕ» و یەک بەیەک بەردەکانیان لە کۆتەڵەکە هەڵدەکەن. کۆتەڵەکە جووڵەکانی زۆرتر دەبێ؛ دەنگی نووزە و قورووسکەکانی لەنێو هاوار و غەڵبەغەڵبی خەڵکەکەدا بزر دەبێ. داوێنی کۆتەڵەکە پڕ دەبێ لە بەردی سوور.
خولەکی حەوت و یەک چرکە: «ئەم ویدۆیە بەهۆی لادان لە یاساکانی یووتیووب و، نەدانی مافی کۆپی ڕایتی مووزیکی «بەیانییەکی لەخمدا خەمڵاو» ـی بێتهۆڤیێن و بەکارهێنانی، بەبێ ئیزنی، سڕایەوە.»
( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)