ڕەنگە ئەوەش جۆرێک خەبات بۆ مانەوە بێ کە کوردەکان پێیان خۆشە تایبەتمەندیی کوردانە بدەن بەزۆر لەکەلوپەل و بەروبوومەکانیان وەک: هێلکەی کوردی، ڕۆنی کوردی، مریشکی کوردی، بنێشتی کوردی، غیرەتی کوردی، میوانداریی کوردی، لێبووردەیی کوردی و ….. ئەو بە کوردی کردنەی زۆر شت هەم لایەنی باشی هەیە و هەم خراپ. باسی لایەنە باشەکانی ناکەم بەڵام لەلایەنە خراپەکانی ئەو کورداندنە: پەرەنەگرتن، بۆ پێشەوەنەچوون، پێکنەهێنانی ئاڵوگۆڕ و نەچوونە نێو مەیدانی ڕکەبەری بۆ باشتر کردنە. واتە هەر شتەی چۆن هاتوە دەبێ هەروا بمێنێتەوە و چونکە بەشێک لەپێناسەی کوردییە نابێ دەستی لێ بدرێ. خۆ ئەگەر کورداندنی هێندێک شت بۆ بەهێزکردنی هەستی کوردایەتی و ئەویش بە مەبەستی درێژەی خەبات بۆ ڕزگاری کارێکی باشە، ئیدی بە کوردیکردنی هێندێک دیاردەی جیهانی ناتوانێ یارمەتیمان بکا.
سیاسەتیش لەکوردستان لەو شتانەیە کە وێدەچێ کوردێندرابێ چونکە ئێستا بەهاسانی دەتوانین سیاسەتی کوردی لەسیاسەتی جیهانی جیا کەینەوە. سیاسەت خۆی عیلمی بەڕێوەبردنی وڵاتە و ئەوانەی سیاسەت دەکەن دەبێ دەپێشدا ئەو عیلمە فێر بن و ئینجا لەمەیدانی بەکردەوەدا کاری لەسەر بکەن. لەهەموو کۆمەڵگاکاندا ئەوانەی بە کردەوە سیاسەت دەکەن ژمارەیان زۆر نیە و هەر ئەو ژمارەش بەردەوام کەم و زیاد دەبن. سیاسەتمەداری لێهاتوو وەک شوغڵ سەیری سیاسەت دەکا و هەموو هەوڵی خۆی دەدا تێیدا سەرکەوێ. هەرکاتیش هەڵەیەکی وای کرد کە زیان بەکۆمەڵگا و وڵات بگەیەنێ بە ئارامی واز لەسیاسەت دێنێ و خەریکی کارێکی دێکە دەبێ. لەو شوێنانەی سیاسەت وەک عیلمی بەڕێوەبردن جێی گرتوە هەموو کەس خۆی لەقەرەی نادا و تەنانەت کەمتر وایە لێکدانەوەشی لەسەری هەبێ. زۆرتر وایە خەڵک دەڵێن: ئەوە کاری سیاسییەکانە و من لێی نازانم. ئەو جۆرە سیاسەت کردنە دیارە شانسی سەرکەوتنی زیاترە و کۆمەڵگاش باشتر دەتوانێ لەخێر و بێرەکانی کەڵک وەرگرێ، چونکە مەهارەت و لێهاتوویی تێدا بەخەرج دەدرێ و دیارە لێپرسینەوەشی هەیە.
لەکوردستان، ئەوەی ناوی سیاسەتی لەسەر داندراوە لەڕاستیدا تێکەڵاوێکە لەخەبات بۆ ڕزگاری و هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر دەوڵەتانی حاکم بەسەر کوردستاندا کە مل بۆ مافەکانی کورد ڕاکێشن. ئەو حیزبە سیاسییانەش کە پێک دێن و ڕۆڵی ڕێبەریی خەبات وەئەستۆ دەگرن لەڕاستیدا سیاسەت بە مانا دروستەکەی ناکەن و تەنیا ناوی سیاسییان لەسەرە. لەنێو هەموو حیزبە سیاسییەکانی کوردستاندا هەموو ئەندام و لایەنگران بەگشتی سیاسیین و بەتایبەت هەموو ئەندامان مافی ئەوەیان هەیە تەنانەت ڕێبەریی حیزبەکەش بگرنە ئەستۆ کە لەو حاڵەتەدا ئەرکی زۆر قورسیان دەکەوێتە سەرشان. ئەوە لەکاتێدایە نەک هەر عیلمی سیاسەتیان نەخوێندوە و لەسیاسەت بە مانا دروستەکەی نازانن، بگرە لەسیاسەتە کوردێندراوەکەش سەرەدەر دەرناکەن. ئەو چێشتی مجێورەی ئەمڕۆ لەبازاڕی سیاسەتی کوردستاندا بەرچاو دەکەوێ لەڕاستیدا بەرهەمی ئەو جۆرە سیاسەت کردنەی کوردییە کە هەتا دێ مەترسیدارتر و پڕ کارەساتتر دەبێ.
لەوەش خۆشتر، لەکوردستان نەک هەر چالاکیی حیزبەکان و خەباتکارانی مەیدان سیاسیین، بگرە هەموو خەڵک بە ژن و پیاوەوە و زۆرجار تەنانەت مێرمنداڵانیش باسی سیاسەت دەکەن و لێکدانەوەی ڕووداوە پڕ گرێوگۆڵەکان وەئەستۆ دەگرن. بەتایبەت ئێستا کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبەر دەستن ئیتر مەیدانی سیاسەت وا هاسان بۆتەوە وەک ئاو خواردنەوە وایە. بۆ هەر مەسەلەیەکی سیاسی چ چووک و چ گەورە بە پانەوە خەڵک لێکدانەوەی لەسەر دەکەن و وای هەڵ دەشێلن کەس نازانێ سەرەتای ڕووداوەکە چۆن بووە. جا لەو حاڵەتانەدا ئەو سیاسییانەش کە خۆیان پێ سیاسییە و سەری داوەکەیان بەدەستە چونکە سیاسیی ماهیر و لێهاتوو نین دەکەونە نێو ئەو هەموو شەپۆلە مەترسیدارەی لەهەموو لایەک ڕا بۆیان دێ. واتە ئەو سیاسیکارەی بە حیساب سیاسییە و لەڕاستیدا هەویش نیە، دەبێ چاوی لەزاری ئەو هەزاران «لێکۆڵەڕ» و نەزەردەر و بۆچووننووس و «شرۆڤەکارە» بێ کە پەیتا پەیتا وەبیری دێننەوە چ شتێک ڕاستە و چ شتێک هەڵەیە. جا سیاسییە نەزانەکەش تێ دەمێنێ لەنێو ئەو هەموو لێکدانەوە ڕەنگاوڕەنگە کامیان هەڵ بژێرێ کە یارمەتیی بدا وەک سیاسییەکی سەرکەوتوو بناسرێ. لێرەدا بەشێک لەسیاسیکارەکانمان «شێروخەت» هەڵداوێن و بەهەر بارێکدا کەوت ئەویان پەیرەو دەکەن. ئەوانەش کە کەمێک زیرەکترن نایەڵن نە شیش بسووتێ و نە کەباب. واتە ئەمڕۆ قسەی ئەویان تەئیید دەکەن و سبەی هی ئەوی دیکەیان.
خۆلاسە سیاسەتی کوردی ئاوایە…
( لە ژمارەی ٧١٣ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)