رۆژی شهممه ٤ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی، له شاری لیلهسترۆمی وڵاتی نۆروێژ، فێستیڤالی کوڵتوری گەلان لە ژێر ناوی کوڵتور میکس به ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەو شارە و بهشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نەتەوە جیاوازەکانی دانیشتووی پارێزگای ئاکەش هووس لە هۆڵی کوڵتوری لیلەسترۆم سازکرا. سەرەتا شیشتەن ئارنەسن بەرپرسی پێشووی بەشی کولتوری وتارێکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربری کە ئەم ساڵ چالاکی کولتورمیکس ١٠یەمین ساڵی تێبەرکرد. ناوبراو لە بەشێک لە باسەکەیدا گوتی: هەرچەندە من ئێستا خانەنشینم بەڵام زۆر خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە یەکێک بووم لە دامەزرێنەرانی ئەم بەرنامەیە و دەبینم کە ساڵ بە ساڵ گەورەترو گەورەتر دەبێ. هەروەها ناوبراو باسێکی لەسەر چۆنیەتی و مەبەست لە پێک هێنانی بەرنامە کولتورییە جۆراوجۆرەکان بۆ نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێ لەو ناوچەیە کرد. پاشان رێورەسمەکە بە چەندین ئاهەنگی جیا جیا و بە چوونی گەلانی جیاوازە بە جڵ و بەرگی نەتەوەیان بۆ سەر شانۆی ساڵۆنەکە دەستیپێکرد. دواتر ژمارەیەک لە نەتەوە جیاوازەکان بە گووتنی سرود و گۆرانی و پێشکەش کردنی هەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆیان فێستیڤالەکەیان ڕازاوەتر کرد. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی کوڵتوری کوردی بە نیشاندانی چاڵاکی جۆراوجۆر وەک نواندنی جلوبەرگ، هەڵپەرکێ ، ئاوازی کوردی و بە پۆشینی جڵ و بەرگی نەتەوەیی کوردی بەشداری ئەو فستیڤاڵەیان کرد. شایانی باسە کە فێستیڤالی کوڵتوری گەلان هەموو ساڵێک لە وەها ڕۆژێکدا ساز دەکرێت و نهتهوه جیاوازەکانی دانیشتووی وڵاتی نۆروێژ، بە خستنەڕووی کەل و پەل و جڵ و بەرگ و کوڵتوری نەتەوەی خۆیان، بەشداریی ئەو رێورەسمە دەکەن و بەو هۆیەشەوە پێناسەی نەتەوەی خۆیان به خەڵکی نۆروێژو نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئەو وڵاتە زیاتر دەناسێنن.