پلینۆمی حه‌وته‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی شازده‌هه‌می حیزب، له ڕۆژه‌کانی ١٣ و ١٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٦ی هه‌تاوی (٥ و ٦ ی نۆڤامبری ٢٠١٧ی زایینی) به به‌شداریی ئه‌ندامانی ئه‌سڵی و جێگر و ڕاوێژکاری کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ژماره‌یه‌ک له به‌رپرسانی ئۆرگانه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کانی حیزب به‌ڕێوه چوو.
له سه‌ره‌تای پلینۆم‌دا، پاش ڕاگرتنی ساتێك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له بیره‌وه‌ریی شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، هاوڕێ مسته‌فا مه‌ولوودی سکرتێری گشتیی حیزب به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی خاوه‌نکاره‌وه پیرۆزبایی خۆی و ڕێبه‌ریی حیزبی به هاوڕێیانی یارسان و سه‌رجه‌م یارسانه‌کانی کوردستان ڕاگه‌یاند. پاش په‌سندکرانی ده‌ستووری کاری پلینۆم، ڕاپۆرتی سیاسی که چاوخشاندن به بارودۆخی سیاسیی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه و ئێران و خوێندنه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕه گرینگ و پێوه‌ندیداره‌کان به چاره‌نووسی گه‌لی کورد له ماوه‌ی نێوان دوو پلینۆمیدا له خۆ گرتبوو، له‌لایه‌ن سکرتێری گشتیی حیزبه‌وه پێشکه‌ش به پلینۆم کرا که دواتر به تێبینی و سه‌رنجی به‌شداران ده‌وڵه‌مه‌ند کرا و به په‌سندی پلینۆم گه‌یشت.
راپۆرتی سیاسی بۆ پلینۆمی حه‌وته‌م، سه‌ره‌تا وێڕای ئاماژه به گرینگ‌ترین ئاڵوگۆڕ و پێشهاته‌کانی پێوه‌ندیدار به ململانێ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و سه‌ر و سیمای باڵانسی هێز و ڕکابه‌رییه‌کانی پاش کۆتایی قه‌له‌مڕه‌وی داعش، سه‌رنجی تایبه‌تیی دابووه بارودۆخی ئێران چ له ئاستی نێوخۆ و چ به‌ڕووی ده‌ره‌وه‌دا. سه‌باره‌ت به نێوخۆی ئێران له سه‌ره‌تاکانی ده‌وری دووه‌می سه‌رکۆماریی حه‌سه‌ن ڕووحانییش هه‌روه‌ک پێشوو، به‌هۆکاری تایبه‌ت به پێکهاته‌ی بنه‌ڕه‌تیی سیستمی کۆماری ئیسلامی، نه‌ک هه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێران له جاران باشتر نه‌بووه، به‌ڵکوو باڵی توندئاژۆتری ڕێژیم و هه‌سته‌ی ئیستبداد به چه‌شنێک چنگیان به‌سه‌ر هه‌موو کایه‌ی سیاسیی وڵات‌دا گرتووه که ئه‌و تهیفانهش له ڕێژیم که ئیدیعای به قه‌ولی خۆیان ئیسلاح و ئیعتدالیان ده‌کرد (به شه‌خسی ڕووحانییشهوه)له‌پێناوی پاراستنی نیزام و به‌رژه‌وه‌ندییه گرووهییهکانی خۆیاندا به‌ره‌و پاشه‌کشه‌ی زیاتر ڕۆیشتوون و له‌ڕاستیدا ڕێژیم له ڕووی گوتاری و ڕه‌فتارییه‌وه و به‌تایبه‌ت له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرسه سیاسییه‌کاندا تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو یه‌کده‌ست بۆته‌وه. ئه‌مه‌ش بواری بۆ سوپای پاسداران و جومگه هاوته‌ریبه‌کانی ده‌سه‌ڵات ڕه‌خساندووه که هێنده‌ی دیکه په‌ره به ته‌عامولی ئه‌منیه‌تی و ڕه‌فتاری مافیایی خۆیان بده‌ن و به‌م جۆره خه‌ڵک له هه‌ر چه‌شنه جموجۆڵ و چالاکییه‌ک دوودڵ و چاوترسێن بکه‌ن.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، لانیکه‌م له کوردستان، ئه‌م یهكدهستبوونهوه توندئاژۆیانهیهی ڕێژیم نه‌یتوانیوه پێش به‌وه بگرێ که خه‌ڵکی ئێمه له زۆر بۆنه و به بیانووی جۆربه‌جۆر، هه‌م به شێوه‌ی خۆڕسک و هه‌م به ڕێنوێنیی چالاکانی سیاسی و مه‌ده‌نی، له مه‌یداندا بن و وجوود و ئیراده‌ی هه‌قخوازانه‌ی خۆیان نیشان بده‌ن. ڕاپۆرتی سیاسی له‌و به‌شه‌دا وێڕای نموونه هێنانه‌وه له چالاکیی خه‌ڵک له ٢٢ی پووشپه‌ڕ و خۆپێشاندانه‌كانی بانه و شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان بۆ ئیعتراز به کوشتنی کۆڵبه‌ران وخۆشیدهربڕین و هاوپێوه‌ندییان سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان، شعووری سیاسی و ئازایه‌تی و لێبڕاویی خه‌ڵک له نێوخۆی وڵاتی به‌رز نرخاند و پێی وابوو ئه‌م جۆره جموجۆڵ و له مهیداندابوونه پێویسته به جۆرێک ئاقار و متمانه‌ی پێ بدرێ که به که‌مترین تێچوو زۆرترین و بهردرێژترین مه‌یدانداریی جه‌ماوه‌ریی لێ بکه‌وێته‌وه. به باوه‌ڕی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی‌یش له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو حازر بووه هێندێک هه‌نگاوی وه‌ك دیاریکردنی ئوستاندار و به‌رپرسی محه‌للی له کورده‌کان هه‌ڵبێنێته‌وه، ئه‌وه ڕاست به‌رهه‌می فشارهێنان و له‌مه‌یداندابوونی خه‌ڵکه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ویست و داوای خه‌ڵکی کوردستان و جه‌وهه‌ری پرسی کورد له ئێران زۆر له‌وه مێژووییتر، بنه‌ڕه‌تیتر و به‌رفراوانترن که به‌مجۆره هه‌نگاوه بچووک و ڕووکه‌شییانه و له وه‌ها به‌ستێنێکی ئه‌منیه‌تی و نادێموکراتیدا وڵام بدرێنه‌وه، به‌ڵام ڕاهێنانی خه‌ڵک به ته‌وژم هێنان بۆ سه‌ر ڕێژیم له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ پرس و ویسته‌کانی ڕۆژ به ڕۆژیان ده‌توانێ ئه‌زموونێکی باش و باوه‌ڕبه‌خۆبوونێکی نوێ بداته‌وه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیش سه‌رباری ئه‌رک و ڕیساله‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی تایبه‌ت به خۆیان پێویسته هانی بده‌ن و پشتی بگرن.
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌فتاری نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی ڕێژیم، ڕاپۆرتی سیاسی ئیشاره‌ی به‌وه کردبوو که سه‌رباری هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شه و فشارانه‌ی له مانگه‌کانی دواییدا له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاوه بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی چڕ کراونه‌وه، جیددییه‌ت و کارایی ئه‌و سیاسه‌تانه به جۆرێک نه‌بووه که ئه‌م ڕێژیمه ناچار بکا ده‌ست له ده‌ستێوه‌ردان و ئاژاوهسازی له وڵاتانی ناوچه وه‌ک سوریه و لوبنان و یه‌مه‌ن و عیراق هه‌ڵبگرێ، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و ڕێژیمه قورس و قایمتر و ڕووههڵماڵاوانهتریش له پێشوو درێژه‌ی به سیاسه‌ت و ڕه‌فتاری تێکده‌رانه‌ی خۆی داوه. هه‌ر له ئاکامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی ڕێژیمیش دایه که پێشبینییه‌کانی سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گۆڕانی سیاسیی بنه‌ڕه‌تی له‌م وڵاته‌دا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر پێچه‌وانه بوونه‌وه و ئاڵوگۆڕه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی عیراق و باشووری کوردستانیش له هه‌موو کاتێک زیاتر نه‌خش و ده‌ستی ڕێژیمی ئێران له‌پشت ئه‌و ڕووداو و ئاڵوگۆڕانه‌ی وه‌ده‌ر خست.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه ڕاپۆرتی سیاسیی پلینۆم سه‌رنجی دابووه ئه‌و بارودۆخه نوێیه که دوابه‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشووری کوردستان له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان هاتۆته پێش. حیزبی ئێمه هه‌م پێش به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم و هه‌م دوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه که ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی به مافی ڕه‌وای گه‌لی کورد زانیوه و ئاره‌زووی سه‌رکه‌وتنی بۆ خواستوه، ئاره‌زووشی ده‌ربڕیوه که سه‌رکردایه‌تیی سیاسی و دامه‌زراوه قانوونییه‌کانی کورد له باشووری کوردستان به یه‌کڕیزی و یه‌کگرتووییه‌وه هه‌م ئه‌م پرۆسه‌یه به‌ڕێوه ببه‌ن، هه‌م ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌کانی پاش به‌ڕێوه‌چوونی ببنه‌وه؛ که‌چی به‌ده‌ر له نه‌خشه و پیلانه‌کانی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستان و چاوپۆشیی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌داخه‌وه یه‌کگرتوویی نێوماڵی کوردیش به جۆرێك نه‌بوو که پێش له‌وه بگرێ که ده‌سکه‌وته‌کانی کورد له باشووری کوردستان سه‌رله‌نوێ بکه‌ونه مه‌ترسییه‌وه و دۆخێک بێته پێش که دووردهیمهنێکی ناڕوون بخاته‌وه به‌رده‌م بزوتنه‌وه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان.
پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی وێڕای لهقاودانهوهی ده‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌پشت ئه‌م دۆخه نوێیه و جه‌ختکردن له‌سه‌ر پێویستیی به‌رگرتنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له نه‌خشی تێکده‌ر و به‌دخوازانه‌ی ئه‌م ڕێژیمه له ئاڵوگۆڕه‌کانی ناوچه به‌تایبه‌تی عیراقدا، دروستکردنه‌وه و پته‌وکردنه‌وه‌ی بنه‌ماکانی یه‌کڕیزیی نێوماڵی کورد به گشتی و له باشووری کوردستان به‌تایبه‌تیی وه‌ک مه‌رجی یه‌كه‌می سنووردارکردنی مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر گه‌لی کورد و پاراستنی دهسکهوتهكانی ئه‌و گه‌له له قه‌ڵه‌م دا و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که پێویسته به هه‌ڵسوکه‌وتی به‌رپرسیارانه و نیشتمانییانه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد کارێك بکرێ که ڕه‌وایی داواکانی کورد به‌ڕووی جیهانی ده‌وروبه‌ر و ده‌ره‌وه‌دا و هیوا و متمانه‌ی ڕۆڵه دڵسۆزه‌کانی ئه‌و گه‌له به ئایندهی دۆزی کورد سه‌رله‌نوێ به‌هێز ببنه‌وه.
ته‌وه‌ری دووه‌می کاره‌کانی پلینۆمی حه‌وته‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ تاوتوێی دۆخی حیزب و کار و تێکۆشانی ئۆرگانه‌كان و ڕێكاره‌کانی بردنه‌سه‌ری ئاستی ئه‌م کار و تێکۆشانه و که‌مکردنه‌وه له که‌موکوڕییه‌کان ته‌رخان کرابوو. له‌و به‌شه‌دا سه‌ره‌تا ڕێكاره‌کانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سیناریۆکانی دۆخێكی نائاسایی که به‌هۆی ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشووری کوردستان چ له ڕووی ئه‌منیه‌تی و چ له ڕووی سیاسییه‌وه پێک هاتووه، تاوتوێ کران. له‌و به‌شه‌دا پاش ڕاپۆرتێک که به‌رپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی_نیزامیی حیزب له‌لایه‌ن ده‌فته‌ری سیاسییه‌وه دایه‌وه به ڕێبه‌ریی حیزب، به‌شدارانی پلینۆم تێبینی و ڕاسپارده‌کانی خۆیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا خسته‌ڕوو. دواتر وێڕای هێنانه‌وه به‌ر باس و په‌سندکردنه‌وه‌ی ئاییننامه‌ی ئۆرگانه کارییه‌کانی حیزب، که‌مایه‌سییه‌کانی کاروباری حیزب و ڕێگاکانی چاره‌سه‌رکردن و پوخت کردنه‌وه و به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی کاروچالاکیی به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی حیزب قسه‌یان له‌سه‌ر کرا و ڕێنمایی پێویستی له‌سه‌ر درا.
له ته‌وه‌ری سێهه‌می کاره‌کانی پلینۆمی حه‌وته‌می کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، به‌رپرسی هه‌یئه‌تی حیزب بۆ گفتگۆ له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان ڕاپۆرتێکی سه‌باره‌ت به دوایین دانیشتنه‌کانی نێوان دوو هه‌یئه‌ت و هه‌روه‌ها ئه‌و تێبینییانهی لایه‌نی حدکا سه‌باره‌ت به خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ڕوانینی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێموکڕات گه‌ڵاڵه‌ی کردووه به ئاگاداریی پلینۆمی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی گه‌یاند. له‌م به‌شه‌شدا پاش وه‌رگرتنی سه‌رنج و تێبینیی ئه‌ندامانی ڕێبه‌ریی حیزب و پێشوازی له‌و پێشکه‌وتنانه‌ی تا ئێستا له‌و پرۆسه‌یه‌دا وه‌دی هاتوون، چۆنیه‌تیی ته‌عامولی له‌مه‌ودوای حیزبی ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه به چه‌شنێک که هه‌ردوو لای دێموکڕات هه‌نگاوی دروست و به‌کرده‌وه له‌پێناو وهسهریهكکهوتنهوه و یه‌کگرتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی دێموکڕات هه‌ڵبێننه‌وه و له ئاستی مه‌ترسی و به‌رپرسیارێتییه‌کانی هه‌لومه‌رجی هه‌ستیاری ئه‌مڕۆدا بن، دیاری کرا.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
١٤ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٦
٦ی نۆڤامبری ٢٠١٧