هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەرکرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی گواستراتەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان. ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، هێزەکانی ئیتلاعات لە شاری کامیاران، هێرشیان کردە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “محەممەد قوبادی” کوڕی ئەحمەد و نابراویان دەسبەسەر کرد.
هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” دەسبەسەر کردووە.
هەروەها پێشتریش، هێزە ئیتلاعاتییەکان برایەکی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە ناوی “ئیقباڵ قوبادی” لەگەڵ دوو کەسی دیکە دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا لە زینداندا ڕاگیراون.
هێزەکانی ئیتلاعات، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی “ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” ڕاگەیاندووە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی “سلێمان میرزایی” کوڕی ئەبووبەکر لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار راگواستراوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕانەگەیاندووە و چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییە و لە هەواڵێکی دیکەدا سەرلە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری خۆی بە ناوی “تەوحید محەممەد باقرلوو” جێبەجێ کرد.