پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە، ٨ی خەزەڵوەر، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرستی مستەفا مەولوودی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیان لە هەولێر کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ئەو حیزبە بە سەرپەرستی مامۆستا سەلاحەدین بەهادین ، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پێشوازییان لێکرا.
لەم چاوپێکەوتنەدا کە بە مەبەستی تاوتوێی دوایین رووداوەکان و بارودۆخی ناوچەکە و بە تایبەتی بەرەنجام و دەرکەوتەکانی پاش ڕێفراندۆم لە هەرێمی کوردستانەوە رێکخرا بوو، هەیئەتی هەردوولا ویڕای تاوتوێی وردی ئەو رووداوانە، جەختیان لەسەر ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی کورد و یەکڕیزیی زیاتری هێزەکانی باشووری کوردستان کرد.
مستەفا مەولوودی وێڕای دەبڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو رووداوانە و خوێندنەوە و هەڵوێستی حیزبەکەی بۆ دوایین پێشهاتەکانی باشوور و ناوچەکە، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران داڕێژەر و بەڕێوەبەری ئەو گەلەکۆمەیە بووە کە دوای ریفراندۆمی خەڵکی باشوور بۆ سەربەخۆیی بە دژی هەرێمی کوردستان هاتەئاراوە بۆ ئەوەی دەسکەوتەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان لەباربەرێ. سکرتێری گشتیی هەروەها ئامادهیی حیزبەکەی بۆ ههرچهشنه هاوکارییهک که یارمهتی به پاراستنی دهسکهوته سیاسی و نهتهوهییهکانی کورد له باشووری کوردستان بکا، دهربڕی.
مامۆستا بەهادین سەلاحەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیش وێڕای سپاس و پێزانین بۆ پشتیوانیی حیزبی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد کە نابێ زەڕڕەیەک لە ڕێفراندۆم پەشیمان بینەوە، چونکە ئەوە خواستی گەلی کورد لە باشوور بوو بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی نیشتمانی. ناوبراو لە وتەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە رێگاچارەی سەرەکی بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە ئەستەمە، تەنیا بە یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانی کوردستان مسۆگەر دەبێ و پێویستە هەمووان لەم قۆناغەدا واز لە ناکۆکی و ململانێ بێنن و یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.
لە کۆتاییدا هەر دووک لایەن تەئکیدیان لەسەر هاوکاری و دۆستایەتیی لەمێژینەیان کردەوە.