دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەی بەڕێز مەسعوود بارزانی بۆ پارلەمانی کوردستان کە لەوێدا باسی کردبوو کە ڕێگا نادا ماوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان درێژبکرێتەوە، ئەو هەواڵە لە نێو میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی بەربڵاوی لێکەوتەوە.
رۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر مەسعوود بارزانی بە ناردنی نامەیەک بۆ پارلەمانی کوردستان بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە نابێت بە هێج شێوەیەک ماوەی دەسەڵاتیداریەتیی لە سەرۆکایەتیی هەڕیمی کوردستان بۆی درێژبکرێتەوەو بەڵکوو دەبێ دەسەڵات لە پاڕلەمان دابەش بکرێ.
هەروەها شەوی ڕابردوو بارزانی لە پەیامێکی ڤیدیوییدا کۆمەڵێک خاڵی جێگای سەرنجی سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی عێراق وباشووری کوردستانی خستەڕوو.
ناوبرا سەرەتا باسی لە هەلومەرجی بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان کرد، وەکوو مافێکی ڕەوا کە گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان پێشوازییان لێكرد .
لە دڕێژەی پەیامەکەی مەسعوود بارزانی وێڕای خستنەڕووی لایەنەکانی هێرش و پەلامار بۆ سەر باشووری کوردستان لەو بارەوە لە حکومەتی ناوەندی هەروەها وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی زلهێزان ڕەخنەی گرت و وتی:
”به داخهوه له كاتی پێویستدا وڵاتان گهڕانهوه بۆ بهرژهوهندیی خۆیان و مهبادئیان بیر چۆهوه، ڕێك پێچهوانهی ههڵوێستی پێشوویان كه وایان نیشان دهدا، له بهرگری له مرۆڤایهتی و شكاندنی داعش، پادداشتی پێشمهرگه و خوێنی شههیدان بدهنهوه، بهغدایش ههمان شێوه هەڵسوکەوتی کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا خەڵکی کوردو بەتایبەتی باشووری کوردستانی دڵنیا کردەوە کە کووە پێشمەرگەیەک لە خزمەتی گەلەکەیدا دەبێ و، بە دڵنیاییەوە باسی لە خۆڕاگریی و دوارۆژی گەشاوەی گەلی کوردی کرد.
لە پێوەندی لە گەل رووداوەکانی باشووری کوردستان ، کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر لە هەوڵی دەستێوەردانەو جیا پیلانگێڕی لە عیراق و هەرێمی کوردستان، لە نێوخۆی ولاتیش شەڕێکی رەوانی و میدیاییان بە مەبەستی تانە وتەشهیر لێدان لە گەلی کورد و کەسایەتیە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەسپێکردووە.
لە لایەک دیکەش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە نیگەرانییەوە لە بارودۆخی باشوور دەڕوان و شەوی ڕابردووش بەشێک لە خەڵکی شاری مەهاباد بە هاتنە سەر شەقام وسەردانی دروشمی شۆڕشگێڕانە پشتیوانی خۆیانیان لە باشووری کوردستان دەربڕی و جارێک دیکەش گەلەکۆمەی هێرش بۆ سەر هەرێمی کوردستانیان مەحکووم کرد.