ڕه‌سوڵ خزری، نوێنه‌ری مه‌جلیسی ئێران گوتی، ئێران ٧٥ هه‌زار كۆڵبه‌ری هه‌یه كه ٢٠ هه‌زار كه‌سیان له سه‌رده‌شت و پیرانشار نیشته‌جێن.
ڕه‌سووڵ خزری، نوێنه‌ری شاره‌كانی سه‌رده‌شت و پیرانشار له مه‌جلیسی شواری ئیسلامی له 23مین پێشانگای ڕاگه‌یاندن گوتی، سنووره‌كانی عێراق داخراون و هه‌تا سنووره‌كان نه‌كرێنه‌وه كاسبكاران و كۆڵبه‌رانی كورد كاره‌كانیان وه‌ستاوه و بێكارن.
به‌قسه ئه‌و نوێنه‌ره‌ی مه‌جلیس هه‌ر ئێستا مه‌جلیس بۆ كرانه‌وه‌ی سنووره‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی نێوخۆ و شورای ئه‌منیه‌تی میللی له حاڵی وتووێژ دایه.
ناوبراو له درێژه‌دا گوتی، بۆ پێڕاگه‌یشتن به بارودۆخی ئۆڕژانسی كۆڵبه‌ران قورسایی باره‌كانیان له ٢٢٠ كیلۆوه بۆ ٨٠ كیلۆگه‌ره‌م دابه‌زاندووه.
نوێنه‌ری شاره‌كانی سه‌رده‌شت و پیرانشار سه‌باره‌ت به دیارده‌ی كۆڵبه‌رانی قوتابی گوتی، “كۆڵبه‌رانێك هه‌ن كه له قوتابخانه‌وه ڕوو له‌و كاره ده‌كه‌ن و ئێمه قه‌یرانی كۆڵبه‌رانی قوتابیمان هه‌یه و به‌رده‌وام مه‌ترسییان له‌سه‌ره.”
ڕه‌سووڵ خزری، مانگی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ڕابردوو گوتبووی، به ڕه‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌تی كار، كۆڵبه‌ران له نیوه‌ی دووهه‌می مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌و ساڵه‌وه له ژێر چاودێریی بیمه‌ی دابینكردنی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ده‌بن. به‌و حاڵه‌ش چالاكانی كرێكاریی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه به هێوركه‌ره‌وه‌یه‌كی كاتی بۆ بنه‌ماڵه‌ی كۆڵبه‌ران ده‌زانن.