شوڕا و مامۆستای گوندی بێورانی خوارێ سەربە شاری سەردەشت لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بانگ کران.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێوخۆییەکان، چەند ڕۆژ لەوەپێش، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەردەشت ٣ هاووڵاتی خەڵکی گوندی”بێورانی خوارێ وەک شورای گوندی بێورانی خوارێ بە ناوی”خالید حەسەن زادە”، مامۆستای ئایینی ئەو گوندە بە ناوی “عەبدولسەلام مەحموودیان” و “حاجی ئیسماعیل” کەسایەتی خۆشناوی ئەو بانگ ئیداری ئیتلاعات لەو شارە کرد.
هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو ٣ کەسەیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ بە پارەی خۆیان مزگەوتێکیان دروست کردووە و ناوی مزگەوتی”ئاشتی”یان لێناوە.
هێزە ئیتلاعاتییەکانی تابڵۆی ئەو مزگەوتەیان هێناوەتە خوارێ بە خەڵکی ئەو گوندەیان ڕاگەیاندووە لەمڕۆوە ئەو مزگەوتە ناوی “محەممەد ڕەسووڵەڵا” یە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، خەڵکی گوندی بێورانی خوارێ ئەم کردەوەیه هێزە ئیتلاعاتییەکانیان بە بێڕیزی بە خەڵکی گوندەکە زانیووە و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێ ناوەی مزگەوتەکە ئاشتی بێ و تابڵۆی حکوومەتییان لابردووە و هەر بۆیە هێزەکانی ڕێژیم ئەو ٣ کەسەیان دەسبەسەر کردووە.
دەوترێ، مزگەوتی گوندی بێورانی خوارێ بە هۆی کۆنبوون و ڕووخاوی، دانیشتوانی ئەو گوندە بە پارەی خۆیان مزگەوتێکی نوێیان ساز کردوە و تەنانەت حکوومەتی هیچ یارمەتییەکی ماڵی بۆ دروست کردنی ئەو مزگەوتە بە خەڵکی ئەو گوندە نەداوە