ئەنجومەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی نۆژین بە هیمەتی مامۆستایان و خەمخۆرانی زمان و ڕێنووسی کوردی لە شارۆچکەی بۆیەنی خوارووی بانە خولێکی فێرکاریی زمانی زگماکییان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبرد.
شەوی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شارۆچکەی بۆیەن ، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی خولی فێرکاریی زمانی کوردی لەو شارۆچکەیە ، کە دەیان کەس لە لاوان و رۆڵە بە هەست و ویستەکانی ئەو شارۆچکەیە تێدا بەشدارییان کردبوو، کۆڕێکی فەرهەنگی بەڕێوەچوو.
لەو کۆڕە فەرهەنگییەدا کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارۆچکەی بۆیەن و چەندین کەس لە مامۆستایان و قەڵەمبەدەستانی کورد تێدا بەشداربوون ، خوێندنەوەی چەندین وتارو شێعر و نواندنی شانۆیەک لە بڕگە جیاجیاکانی ئەو کۆڕە فەرهەنگییە بوو.
لە دوا بڕگەی ئەو ڕێوڕەسمەدا لەوحەی ڕێزلێنان و بڕاونامە، بەسەر بەڕێوەبەران و قوتابیانی ئەو خولە فێرکارییە دابەشکرا.
شایانی باسە چەندین ساڵە ئەنجومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شار و گوندەکانی کوردستان شانیان داوەتە بەر ئەرکێکی نیشتمانی و بە بەڕێوەبردنی فێرگە و دەورەی فێرکاریی زمان و ڕێنووسی کوردی، خزمەتێکی گەورەیان بە پاڕاستنی زمان و وێژەی کوردی کردووە.