“یەدووڵا زەر” باوکی شەهید خەلیل خەلەبان لە تێکۆشەرانی فیداکاری دێموکرات، لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە شاری کرماشان کۆچیدوایی کرد.
بنەماڵەی شەهید خەلیل خەلەبان و لە سەرۆی هەموویانەوە کاک یەدوڵا زەر، یەکێک لە بنەماڵە بەناوبانگ و خاوەن هەڵویستەکانی ناوچەی کرماشانن کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەبات و شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتگیر و پشتیوانی شۆڕش و دڵسۆزی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان و حیزبی دێموکرات بوون. شەهید خەلیل زەڕ ناسراو بە خەلیل خەلەبان یەکێک لەو ئەوفسەرە شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێستانەی گەلەکەمان بوو کە پاش کۆتایی دەورەی فڕۆکەوانی لە ئەمریکا کە هاوکات بوو لە گەڵ سەرەتای شۆڕش گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی حەمەرەزا شای پەهلەوی، گەڕایەوە ئێران و پێوەندی کرد بە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتەوە.
شەهید خەلیل خەلەبان بە هۆی دڵسۆزی و شارەزاییەوە هەر زوو لە ناو ڕیزەکانی حیزبدا توانی جێگە و پێگەی خۆی بە دەست بێنێ.
کاتی هێرشێ هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ جادەی پیرانشار- سەردەشت، فەرماندەیی بەرەیەکی گەورەی ئەو شەڕەی پێسپێردرا و هەر لەو خۆڕاگرییە قارامانەنەدا بە سەختی بریندار بوو.
پاش ساڕێژ بوونەوەی برینەکەی بۆ جارێ دیکە گەڕایەوە ناو سەنگەری بەرگری و، وەک فەرماندەی هێزی بەیان دیار کرا.
لەو ماوەی کە لە ناوچەی بۆکان بوو فەرماندەیی چەندین چالاکی قارەمانانەی دژ بە مۆڵگە و بنکە وبارەگاکانی داگیرکەرانی گرتە ئەستۆ. پاش دامەزراندنی هێزی داڵاهۆ، شەهید خەلیل کرایە فەرماندەی هێز و ، زۆر چالاکانە بۆ کۆکردنەوەی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی ناوچەکانی کرماشان و کامیاران و داڵاهۆ تێکۆشا و هێزێکی تۆکمە و ئازای پێکەوە نا. تا سەرئەنجام لە کاتێکدا کە بۆ مەئموورییەتێکی حیزبی چوبووە ناو شاری کرماشان، بە داخەوە بە چاوساغی سیخۆڕیکی خۆفرۆش، بە دیل گیرا و پاش ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر لە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران، لە بەندیخانەی کرماشان لە سێدارە درا.
ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی دوایی یەدوڵا زەڕ(فخار)، سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکاو خۆی لە خەمیان بە شەریک و بەشدار دەزانێ .