بە پێی هەواڵی گەیشتوو رۆژی ٥ی خەزەڵوەر ئیبراهیم ئەحمەدی ناسراوە بە “بلە تینوو”، شاعێر و ئەدیبی لاوی کامیارانی بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە شاری تاران ماڵاوایی لە دنیای هونەر کرد.
ئیبراهیم ئەحمەدی خەڵکی شاری کامیاران لە دایکبووی ساڵی ١٣٥٥ی هەتاوییە و لە شاعێرانی پێشەنگخواز و خاوەنی هێندێک ئەزموونی نوێی شێعرییە، کە لە ساڵی ١٣٧٣ لە پانتای شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی بوێرانەی هەڵهێناو، لەو ماوەیەدا بە جوانی دەروشایەوە.
ناوبراو لە شاعێرانی جیددی شاری کامیاران بوو، لە سەردەمانێک کە گرینگیدان بە کوردی نووسین وەکوو ئەمرۆکە گەشەی نەکرد بوو، بە خەمخۆرییەوە بایەخی تایبەتی بە کوردی نووسین دەدا.
لە سەردەمی گەشەی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە دەیەی هەفتای هەتاوی بەملاوە کە بە قوناخێک زێڕینی ژیانەوەی ئەدەب و شێعری کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەژمار دێ ، ئەندامێکی هەڵسووڕی کۆڕوکۆبوونەوە ئەدەبییەکان بوو.
ناوبراو هاوکات لەگەڵ هۆنینەوەی شێعر لە گەڵ بەشێک لە گۆڤار و حەوتەنامە کوردییەکانی رۆژهەڵات وباشووری کوردستان هاوکاری دەکردو، بابەتی ئەدەبی و ڕەخنەگرانەی بڵاو دەکردەوە .
ئەو شاعێرە جوانەمەرگە لەم دواییانە خەریکی نووسینی رۆمانێک بوو، کە لە ڕێگای ئەو بەرهەمە نوێیەدا دەلاقەیەکی تازەو جیاواز بەرانبەر بە زمانی کوردی بکاتەوە، کە مەخابن مەرگی بێوادە ئەو دەرفەتەی لێستاند.
ئیبراهیم ئەحمەدی ٥ی خەزەڵوەر دڵە پڕ لە هەست وسۆزەکەی لە لێدان کەوت و، ئاوێتەی نادیاری بوو.
،،،،،،،،،،،،،
بە کفر نەبێ
زمانم لاڵ ، زمانم لاڵ
گوناحی بە گەردنی ئەوانەی وا ئەیڵێن
ئەڵێن ئەم دارە لیمۆ بلوورینە
پاییزان نۆبەرەی چاوی خوا ئەدات
من خێڵی درۆ نیم
تا ئێستاکە نەمبینیوە ئەم دارە ڕووتەڵە
نە گەڵا بکات و نە لیمۆ بدات
بەڵام
هەموو ساڵێک یەکەم ڕۆژی پاییز
دەوروبەری پڕ دەبن لە گەڵای زیوین و تەڕ
گەڵاکان چەن چرکەیەک ئەمێننەوە و
ئەوسا ئیتر سواری پشتی با ئەبن و
تێئەتەقێنن و ئەڕۆن …
ئیبراهیم ئەحمەدی