خالێد عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وتووێژێکدا لە گەڵ دەنگی کوردیی ئەمریکا ،سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران و چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردنی کۆڕوکۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەتی زلهێزان لەو بارەوە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی خۆی باس کرد.
عەزیزی لە وەڵامی پرسیارێک کە بۆچی ئێران هەموو ساڵێک لە لایەن کۆمەڵگەی نێوتەوەییەوە بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ تاوانبار دەکرێ بەڵام، وڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر چەختی لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە وتی: گرفتێکی گەورەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەوەیە باس لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران دەکەن بەڵام تا ئێستا ڕیکارێکی عەمەلییان بۆ ئەو بابەتە نیشان نەداوەو هەروەها سیاسەتی ئەمریکاش بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستاشی لەگەل بێ سیاسەتێکی روون نیە.
خالێد عەزیزی لە دڕیژەی قسەکانی دا وتی: مادام ئەمریکا زیاتر گرینگی بە بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی دەدا، هەر بۆیە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران دەخریتە پەراوێزەوە.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا بە ئاماژەدان بە کۆی سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران بەتایبەتی ئابڵۆقەی ئابووریی کە سەرلەنوێ دەوڵەتی تڕامپ باسی لێوە دەکا، لەو پیوەندییەدا وتی: ئێران چەندین ساڵە لە لایەن ئەمریکا ئابڵۆقەی ئابووریی خراوەتە سەر، بەڵام نەبووتە کێشەیەکی گەروە بۆ ئەو وڵاتە و، بە ڕای من ئەگەر ئابلۆقە ئابوورییەکانی ئەم دواییانەش لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی دیکەوە ستراتێژی دیاری کرای بەدواوە نەبێ، وەکوو ساڵانی پێشوو دیسان نابێتە فشارێکی قورس بەسەر کۆماری ئیسلامی و، پێویستە ئەمریکا وڵاتانی رۆژاوایی ستراتێژیەکی روونیان بەنیسبەت ئێران هەبێ و ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە ئەسابی ناسەقامگیری ناوچەکە دەزانن، دەبێ زیاتر سەرەنجی ویست و داخوازییەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەتی خەڵکی کورد بدەن هەتا لەو کێشەیە ڕزگاریان بێ.