لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە حوکمی ٨ ساڵ و نیو زیندانی بۆ چالاکێکی مەدەنی کورد خەڵکی شاری دێولان کە ماوەی نزیک بە ٤ مانگە لە زیندانی سنەدا ڕاگیراوە، بڕییەوە.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێو خۆییەکان، چەند ڕۆژ لەوەپێش چالاکێکی مەدەنی خەڵکی شاری دێوڵانی سەر بە پارێزگای سنە بە ناوی”ئەفشین حوسێن پەناهی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە حوکمی ٨ ساڵ و نیو زیندانی بۆ بڕایەوە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە دەڵێ، ” لقی یەکی دادگای شۆڕش لە شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی “سەعیدی” ئەفشین حوسێن پەناهی بە تۆمەتی “بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کردەوە.
بە قسەی ناوبراو، ئەفشین حوسێن پەناهی لە سەرەتاوە بە بێ هیچ تاوانێک دەسبەسەر کرابوو، بەڵام ئێستاش بۆ چاوترساندنی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە بەدواداچوونی پەروەندی “ڕامین حوسێن پەناهی” ئەو حوکمەیان بە سەر ئەفشین دا سەپاندووە.
ڕامین حوسێن پەناهی ئێستا لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا ڕاگیراوە و لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەی ئێعدامکردنی لەسەرە.
ئەفشین حوسێن پەناهی ڕۆژی ٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ پاش دەسبەسەرکردنی “ڕامین حوسین پەناهی” چالاکی سیاسی، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی شاری دێولانەوە لە مالەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرا.
شایانی باسە ئەو چالاکە مەدەنییە، پیشینەی هاوکاری لەگەڵ ناوەندەکانی ژینگەپارێزی هەیە و لە ساڵ ١٣٩٠ بە تۆمەتی” پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم” حوکمی ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەر لە پێوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکراوانی کورد سێ کەس لە مەئموورانی ئیداری ئیتلاعات لە شاری بۆکان بەبێ بەڵگەی قەزایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییە کورد بە ناوی “سلێمان میرزایی” کوڕی ئەبووبەکر وێڕای پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
تا ئامادەکرانی ئەوە هەواڵە هۆکاری دەسبەسەرکرانی سلێمان بۆ هیچ کەس ڕوون نەکراوەتەوە، ناوبراو ماوەی چوار مانگە ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و تەنانەت خێزانەکەشی هۆکاری دەسبەسەرکرانی هاوسەرەکەی نازانێ.