لە ماوەی یک مانگی ڕابردوودا لە دوو ناوچەی جوغرافیایی زۆر لێکدووردا، دوو نەتەوەی ژێردەستە کە خوازیاری سەربەخۆیی و هەڵکردنی ئاڵای نەتەوەییان لە ڕێکخراوی نەتەوەیە کگرتووەکاندا بوون و دەیانەویست بۆ دیاریکردنی داهاتوو و چارەنووسیان، بە کەڵکوەرگرتن لە ڕەواترین ڕێگاکان واتە، گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵکی خۆیان و هەڵبژاردن، ڕێگەی سەربەخۆیی سیاسیی بگرنەبەر، هەر یەک بە شێوەیەک لەگەڵ دژکردەوەی وڵاتانی جیهان بەرەوڕوو بوون.
لە باشووری کوردستان لە ڕۆژی سێی ڕەزبەری ڕابردوو، میلیۆنان کەس لە خەڵکی ئەو بەشە لە کوردستان ڕوویان، لە سندووقەکانی دەنگدان کرد و لە کەشێکی دێمۆکراتیکدا بەزۆرینەی ڕەها دەنگیان بە سەربەخۆییدا.
لە کاتالۆنیای ئیسپانیاش خەڵکی ئەو ناوچەیە لە یەکەم ڕۆژی مانگی ئۆکتۆبر چوونە سەر سندووقی دەنگدان و زۆرینەی خەڵکی دەنگیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە وڵاتی ئیسپانیا دا.
لە باشووری کوردستان و لە کاتالۆنیاش دوو نەتەوە لەسەر چارەنوووس و داهاتووی خۆیان بڕیارێکی مێژووییان دا، بەڵام ئەو بڕیارە دژکردەوەی توندی دەسەڵاتی ناوەند و وڵاتانی جیهانی لێکەوتەوە. لە باشووری کوردستان و لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ٩١ی زایینی بە دژی رێژیمی پێشووی عێراق، گەلی کورد لەو بەشە لە کوردستان زیاتر لە ٢٥ ساڵە بۆخۆیان کاروباری نێوخۆیی خۆیان ڕادەپەڕێنن و دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، پارلەمان و هێزی بەرگری و دامەزراوە ئیدارییەکانیان پتەو کردووە و سەرەڕای کەموکووری زۆر و کێشە نێوخۆییەکان، ئەزموونێکی باشیان لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات کۆکردۆتەوە و نیشانیان دواە ئەگەر دەرفەتیان هەبێ دەتوانن دەسەڵاتێکی نموونەیی و دێمۆکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێشانی کۆمەڵگای جیهانی بدەن.
لە کاتالۆنیاش وەک پێشکەوتووترین بەشی وڵاتی ئیسپانیا لە بواری پیشەسازییەوە، خەڵکی ئەو وڵاتە ساڵیانێکی زۆرە ئیدارەی نێوخۆیی خۆیان بە دەستەوەیە و هەیکەل و دامەزراوەکانی دەوڵەتیان لەسەر بنەمای مۆدێڕن و پێشکەوتوو دامەزراندووە و وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە بەشەکانی دیکەی ئیسپانیا بە مافی خۆیانی دەزانن بەپێی پەسندکراوە نێودەوڵەتییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس، وڵاتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر خاکی خۆیان هەبێ و دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن.
بەڵام ویست و داخوازی ڕەوای هەر دوو نەتەوەی کورد و کاتالۆن، لەگەڵ دژایەتی دەسەڵاتدارانی ناوەند و موخالیفەتی وڵاتانی جیهان و زلهێزەکان بەرەوڕوو بۆتەوە.
لە ٢٤ی ڕەزبەر، دەوڵەتی ناوەندی عێراق بە هاوکاری ڕاستەوخۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕەزامەندیی حکوومەتی تورکیە، هێرشیکی بەربڵاویان بۆ سەر کەرکووک و ئەو شار و ناوچانە کرد کە پێشمەرگەی باشووری کوردستان پاش تێکشکاندنی ڕێکخراوی داعش ڕزگاری کردبوون. سپای عێراق و حەشدی شەعبی سەر بە کۆماری ئیسلامی بە پێشکەوتووترین چەکوچۆڵی ئەمریکایی هێرشیان بۆ ئەو بەشە لە کوردستان کرد و توانیان چەند شار و ناوچەی لێداگیر بکەن. تەنیا پاش بەربەرەکانی قارەمانانە و کەم وێنەی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕی پردێ و مەخموور و زوممار بوو کە ئامریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتنە سەر خەت و داوایان لە دەوڵەتی عێراق کرد هێرشەکانی حەشدی شەعبی و سپای پاسداران کۆتایی پێبێنێ.
دیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە کە ئایا ڕێژیمی بەغدا خوازیاری ئاشتی و دەسپێکردنەوەی وتووێژە، یان لەژێر کاریگەریی کۆماری ئیسلامیدا ئاگری شەڕ نێڵ دەداتەوە. ئەوە لەحالێکدایە کە حوکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگرتنی شەڕ، تەنانەت ئاکامەکانی ڕاپرسیی سەربەخۆیی کوردستانی هەڵپەسارد و بێمەرج داوای دەسپێکردنی وتووێژەکانی کرد کە هەروەک دیتمان سەرۆک وەزیرانی عێڕاق پێی ڕازی نەبوو.
لە کاتالۆنیاش ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئۆکتۆبر، پارلەمانی ناوچەیی ئەو ئیالەتە، بە زۆرینەی ڕەها دەنگی بە سەربەخۆیی دا و “کارلۆس پۆگدێمان”یش وەک سەرۆک دەوڵەتی ناوچەیی، سەربەخۆیی کاتالۆنیای ڕاگەیاند. هەر ئەو ڕۆژە و لە مادرید پێتەختی ئیسپانیا، پارلەمانی ئەو وڵاتە، دەسەڵات و دەوڵەت و پارلەمانی کاتالۆنیای هەڵوەشاندەوە و بەتوندی دژکردەوەی سیاسی نیشاندا. هەروەها وەک چۆن لە ئاست سەربەخۆییخوازیی نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان، زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتی خویان دەربڕی، لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکی کاتالۆنیاش، ئەو وڵاتانە دژکردوەیان هەبوو و نیشانیاندا تا ئەو جێگایەی ڕێز لە مافی مرۆڤ دەگرن کە پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکانیان لە مەترسیی نەکەوێ.
ئەو دوو نەتەوەیە کە هەڵوەدای هیوایەکی هاوبەشن، دەبێ باش بزانن، ئەوەی دەتوانێ ماف و ئازادییەکانیان دەستەبەر و مسۆگەر بکات، هێز و توانای خۆیانە کە لە یەکێتی و یەکریزیی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و هاوسۆزیی نەتەوەییدا خۆی دەبینێتەوە.
جگە لەوەش داهاتووی باشووری کوردستان و وڵاتی کاتالۆنیا بەهەر لایەکدا بڕوات، دەبێ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دیکتاتۆڕی و فرەنەتەوەیی باش بزانن، ویستی سەربەخۆیی نەتەوە ژێردەستەکان کپ و کڕ ناکرێ و درەنگ یان زوو، یان ئەو وڵاتانە کە نەتەوەکانیان بە بێڕەزامەندیی خۆیان لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسیی دیاریکراو لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست پێکلکێندراون، هەڵدەوەشێنەوە، یان دەبێ بە شێوەیەکی ئینسانی و لەسەر بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس هەڵسووکەوتیان لەگەڵ بکرێ.