سەدان کەس لە چالاکی سیاسی و توێژەری مەدەنیی کورد بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لە محەممەد نەزەری داوایان کردووە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ.
محەممەد نەزەری بەندکراوی سیاسی بە هۆی هەڵسوکەوتی نایاسایی و نەشیاوی بەرپرسانی دامودەزگای قەزایی ئێران، نزیک بە ٩٠ رۆژە لە خواردن مانگی گرتووەو لە دۆخێکی نالەباردا بەسەر دەبا و ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە دوایین بەیاننامەی خۆی سەبارەت بە پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران بە ئاماژەدان بە محەممەد نەزەری ، بە بەندکراوێکی دەزانێ کە بە هۆی چالاکی سیاسی و بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە ٢٤ساڵە لە بەندیخانەدا ڕاگیراوە.
لە پێوەندی لە گەڵ دۆخی نالەباری محەممەد نەزەری ٧٣٠ چالاکی سیاسی و توێژەی مەدەنی، وێرای پاڵپشتی کردن لە داواکارییەکانی ئەو بەندکراوە کوردە خوازیاری ئەوەن کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ .
لە پەیامی بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، لە پێوەندی لە گەڵ محەممەد نەزەری دا هاتووە: زیاتر لە سەد ساڵە خەڵکی ئێران تامەزرۆی جێبەجێی کردنی یاسا و پێوەرە ئێنسانییەکان و، دامودەزگای قەزاییەکان وەکوو پرسی سەرەکیی هێندە یاسایان پیشێل کردووە کە چیتر ڕەخنەگرتن لەوبارەوە وەڵامدەر نیەو، هەربۆیە بەندکراوانی عەقیدەتی وسیاسی بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە ناچار پەنا بۆ مانگرتن دەبەن و گیان و سڵامەتی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
لە درێژەی پەیامی چالاکانی مەدەنی و سیاسی، بە خستنەبەر باسی بەشێک لە زیندانی سیاسی کە دەستیان داوەتە مانگرتن و بەتایبەتی محەممەد نەزەری کە ٢٤ساڵە بەبێ ئەوەی تەنانەت یەک رۆژ مورەخەسی پێبدرێ و ماوەی ٩٠ ڕۆژە بە نیشانەی نارەزایەتی دەربڕین مانی لە خواردن گرتووە، وێڕای پشتیوانی کردن لە مافەپێشلکراوەکانی ئەو بەندییە سیاسییە، داوایان کردووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بێنێ.
چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەڵێین:محەممەد نەزەری بە دژی پێشێلکردنی یاسا و مافەکانی مانی لە خواردن گرتووەو داوای ئەوەیە کە بە پێی یاسای سزای ئیسلامی، کە ساڵی ٩٢ی هەتاوی کەوتووتە بواری جێبەجێ کردنەوە دووبارە دادگای بکرێ.
شیاوی باسە بە پێی ئەو یاسایە حوکمی زیندانی هەتایی محەممەد نەزەری دەبێتە ١٥ساڵ زیندان.بەڵام دەزگای قەزایی بە ئەنقەست تائێستا وەڵامی نەداوەتەوە.
جێیوەبیرهێنانەوەیە محەممەد نەزەری لە تەمەنی ٢٣ ساڵەی لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە لایەن مەئمورانی سپای پاسدارانی شاری بۆکانەوە دەسبەسەر دەکرێ و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و کوشتنی کەسانی نزیک بە سپای پاسدارنی وەپاڵ دەخرێ .
دواتر محەممەد نەزەری لە دادگایەکی ٣٠ خولەکی بە تاوانی شەڕ لەگەڵ خودا بە ئێعدام مەحکووم کراو دواتر لە ساڵی ٧٨ حوکمەکەی بۆ زیندانی هەیایی گۆڕدرا.