چیرۆکنووس و لێکۆڵەر و رووناکبیری کوردی کرماشانی دوای تەمەنێک خزمەت بە ئەدەبیات و بە جێهێشتنی دەیان چیرۆک و توێژینەوەی فەرهەنگی و مێژوویی ماڵاوایی لە ژیان کرد.
عەلی ئەشرەف دەروێشیان نووسەر و توێژەری ناوداری کورد دوای خزمەتێکی بەهرەمەندانە لە تەمەنی ٧٦ ساڵەیی لە نەخۆشخانەیەک لە شاری تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
عەلی ئەشرەف دەروێشیان لە نووسەرانی بەرەی چەپ و یەکسانیخوازی ئێران بوو، کە ناوەڕۆکی چیرۆکەکانی هەڵگری پەیام و ڕەخنە و ویستی کۆمەڵایەتی و هاوکات باسی لە ستەمی نەتەوایەتی و چینایەتی دەکرد، بە وتەی خۆی قەڵەمەکەی وەکوو چەکێک بەکار هێناوە بەرانبەر بە ناتەبایی و نایەکسانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئێرانی ژێر دەستەی دەوڵەتە دیکتاتۆرەکاندا .
ناوبراو لە لێدوانێک دا دەڵێ: “چریکی چەکدار نەبووم، بەڵام هەموو کات چریکێکی فەرهەنگی بووم”
شایانی باسە ئەو نووسەرە بەناوبانگە خاوەنی دەیان چیرۆک وبەرهەمی ئەدەبییە.
قەڵەمی ناوبراو هەم لە سەردەمی پاشایەتی قەدەغە کراو بوو، هەم لە سەردەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئسلامیی ئێران.
عەلی ئەشرەف دەروێشیان بە هۆی جیابیرییەوە لە سەردەمی پاشایەتی لە زیندان خراو، هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی ئازاد کرا.
ناوەڕۆکی چیرۆکەکانی عەلی ئەشرەف دەرویشیان ئاوێنەی باڵانوێنی خەم و ئازاری کۆمەڵگەی خۆی و، لە پەنای هیچ کام لە ئازارە کۆمەڵایەتییەکان قەڵەمی بەخەمساردی تێنەپەڕیوەو، هەوڵی داوە لە سەرجەم چیرۆکەکانی باس لە واقع و رئاڵیستی کۆمەڵگەی خۆی بکا. ئەوشێوە ڕوانگەو خەمخۆرییەشی بۆ بەهۆی ئەوە کە زۆرجار تووشی سانسۆر و وەلا خستن ببێ.
ناوبراو جیا لە کاری چیرۆکنووسی بە تەرخان کردنی ٢٢ ساڵ لە تەمەنی خۆی فەرهەنگی ئەفسانەکانی ئێرانی لە ٢٠بەرگدا ئامادە کرد.
دەروێشیان بە هۆی ئەوەی کە ماوەیەک مامۆستا بووە لە گوندەکانی پارێزگای کرماشان بەتایبەتی لە (شاباد) هەربۆیە لە تاقمی ئەو نووسەرانەیە کە نووسراوەکان و چیرۆکەکانی ڕاستەوخۆ تەعبیر لە بارودۆخی ژینگەی خۆی و هەلومەرجی گوندو لادێیەکانی ناوچەی کرماشان دەکا.
شیاوی باسە ئەدیب و سیاسەتمەداری ناسراوی کورد مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە بە وەبیر هێنانەوەی دۆستایەتی خۆی لەگەڵ ئەو چیرۆکنووس و نووسەرە لە لاپەڕەی فەرمی فەیسبووکی خۆی لە پەیامێکدا وێڕای بەرزنرخاندنی قەڵەمی ئەو چیرۆکنووسە کوردە، کۆچیدوایی دەروێشیانی بە کەلێنێکی گەروە ناوبردووەو لە گەڵ بنەماڵەو سەرجەم ئەدەبدۆستانی کورد هاوخەمیی خۆی دەربڕیوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەگەرچی بەرهەمەکانی عەلی ئەشرەف دەروێشیان بە فارسی نووسراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە هەموو ناوەڕۆک و سۆژەی چیرۆکەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی کوردەوارییە هەربۆیە لەلایەن وەرگێڕە کوردەکانەوە گرینگی پێدراوەو لەو پێوەندیەش مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە کۆمەڵە چیرۆکێکی لە ناوبراوی لە ژێرناوی هەتاو کوردووتە کوردی.
ئەو کەڵە نووسەر و چیرۆکنووسە کرماشانییە ، دوای ماوەیەک ململانێ لە گەڵ نەخۆشی بە هیوای یەکسانی و عەداڵەت و مافە ڕەواکانی مرۆڤایەتی لە تەمەنی ٧٦ساڵەیی رۆژی ٤ی خەزەڵوەر بۆ هەمیشە سەری نایەوە.
ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێڕای هاوخەمیی کردن لە گەڵ بنەماڵەی نووسەر و چیرۆکنووس، عەلی ئەشرەف دەروێشیان و بەتایبەتی کۆمەڵگەی نووسەران و قەڵەمبەدەستانی کورد، خۆی لە خەمیان بە بەشدار و شەریک دەزانێ.
گیانی شاد و ڕێگای پڕ ڕێبوار بێ.