بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سپای پاسداران لە شارۆچکەی “چاڵدران”ی سەربە شاری ماکۆ لە پارێزگای ورمێ، لە ئاکامی شەڕ و تێکهەڵچوون لە نیوان هێزێکی چەکدار و سپای پاسداران شەش کەس کوژراون.
سایتی “تەسنیم”ی سەربە سپای پاسداران لەم بارەوە نووسیویەتی: “ڕووداوەکە لە دەوروبەری چاڵدران ڕووی داوە و دوو کەس لە هاووڵاتییانی ئەو ناوچە و چوار کەسی سەر بەو هێزە چەکدارەش کوژراون”.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەنووسێ”هێزێکی تیرۆریستیی سەربە داگیرکەری جیهانی”ن و ڕوونی نەکردووەتەوە کە سەربە چ لایەن و ڕێکخراوێکن و هەتا ئێستاش هیچ پارت و حزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامیش بەرپرسیارییەتیی ئەو شەڕەی وەئەستۆ نەگرتووە.
ماڵپەڕی تەسنیم لە کاتێک ئەو هەواڵەی بڵاوکردەوە کە دوو شەو لەوەپێش هەر لە ناوچەی “چاڵدران”ی سەربە شاری ماکۆ بەهۆی دەستڕێژی هێزە سنوورپاریزەکانی سپای پاسداران بۆسەر کاسبکار و کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی کورد کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.