دوابه‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشوووری کوردستان له رۆژی ٢٥ ی سێپتامبری ٢٠١٧دا، هه‌ڕه‌شه‌کانی ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستاندا چ له‌بواری گه‌مارۆدان و به‌ستنی رێگه‌کانی ده‌ستڕاگه‌یشتنی هه‌رێمی کوردستان به دنیای ده‌ره‌وه و چ له‌بواری جموجۆڵی نیزامی و هێرش بۆ سه‌ر هه‌رێم، به‌شێوه‌یه‌کی هاوکات و هه‌ماهه‌نگ چوونه بواری جێبه‌جێکردن که چڵه‌پۆپه‌ی ئه‌و فشار و هه‌ڕه‌شانه گه‌ڕانه‌وه‌ی سووپای عیراق و هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ که‌رکووک و به‌شی به‌رچاوی ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بوو. به‌له‌به‌رچاوگرتنی رۆڵێك که کۆماری ئیسلامیی ئێران له جێبه‌جێکردنی ئه‌م پیلانانه به‌دژی هه‌رێمی کوردستاندا گێڕاویه‌تی و به‌گشتی کاریگه‌ریی دۆخی نوێی هه‌رێمی کوردستان له‌سه‌ر پرسی کورد و بزوتنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵات، کۆی هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان سه‌باره‌ت به رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌م چه‌شنه به ئاگاداریی هه‌موو لایه‌ک ده‌گه‌یه‌نین :
١/ سه‌رباری دژایه‌تیی مێژوویی نه‌یارانی گه‌لی کورد له‌گه‌ڵ ویستی ئه‌و گه‌له بۆ رزگاربوون له ژێرده‌ستی و دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی وه‌ک هه‌ر گه‌لێکی دیکه‌ی جیهان، ئه‌وه که گه‌لی کورد له باشووری کوردستان له رێگای دیموکراتیک و شارستانییه‌وه ته‌عبیری له ئیراده‌ی خۆی کردوه، مافی ره‌وای ئه‌و گه‌له و پشتبه‌ستوو به پره‌نسیپ و رێوشوێنه باوه‌کانی پێوه‌ندیدار به مافی دیاریکردنی چاره‌نووس و به‌رهه‌می ئه‌زموونی سه‌ت ساڵ لکاندن و سه‌رکوت و له‌په‌راوێز راگرتنی کورد له عیراقدایه. ئه‌وه‌ی ده‌بێ لۆمه بکرێ نه‌ک کورد، به‌ڵکوو ده‌وڵه‌تانی حاکم به‌سه‌ر کوردستانن که له به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتیخوازانه‌ی ده‌ربڕینی ئیراده‌ی گه‌لێکی زوڵملێکراودا، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی بۆ جیابوونه‌وه هه‌ڵێنابێته‌وه، ده‌موده‌ست په‌نا بۆ گه‌مارۆدان و برسی کردن و هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر ئه‌و گه‌له ده‌به‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به‌ده‌ر له چه‌ند و چۆنیی شکست یا سه‌رکه‌وتنی کورد له‌م قۆناغ و ئه‌و قۆناغدا، سه‌رکه‌وتنی گه‌له‌کۆمه‌ی نه‌یارانی کورد یان پاشه‌کشه‌ی گه‌له‌که‌مان له بڕگه‌یه‌کدا نابێ کاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر سایکۆلۆژی سیاسیی مرۆڤی کورد و باوه‌ڕی هێزه‌کانی کورد به جه‌وهه‌ری سهروهریخوازانهی مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک پرسێکی ره‌وای سیاسی دابنێ، چونکه بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی (جا له هه‌ر شکڵێکدا بێ)، مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ی کورده و ئه‌و مافه سه‌ره‌نجام هه‌ر ده‌بێ وه‌دی بێ.
٢/ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکووک و ناوچه کوردستانییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم بۆ ژێر حاکمیه‌تی حکومه‌تی عیراق، به‌ده‌ر له نه‌خشه و پیلانه ده‌ره‌کی و پارامێتره سه‌ربازییه‌کان، هاوکات ده‌رخه‌ری پته‌و نه‌بوونی یه‌کریزیی نێوماڵی کورد و لاوازیی هه‌ماهه‌نگیی کورد له روانگه‌ی سیاسی و رێکاری مه‌یدانیدا بوو و به‌داخه‌وه ئه‌م که‌مایه‌سییه چاره‌نووسسازه ئێستا درزی زیاتریشی له نێوماڵی کورددا لێ که‌وتۆته‌وه. ئێمه وێڕای پشتیوانی له جێبه‌جێکردنی مافه ره‌وا و پاراستنی ده‌سکه‌وته له مه‌ترسی که‌وتووه‌کانی کورد له باشووری کوردستان (جا به هه‌ر شێوه‌یه‌ک که بۆ ئه‌م قۆناغه گونجاو و مومکینه)، پێداگری له‌سه‌ر پێویستیی پێشگیری له قووڵبوونه‌وه‌ی درزی نێوماڵی کورد و ده‌رس وه‌رگرتن له هۆکاره ناوخۆییه‌کانی رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه و هه‌نگاونانی به‌رپرسیارانه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌کانی باشووری کوردستان بۆ رێککه‌وتنی یه‌كگرتووانه له‌سه‌ر نه‌خشه‌رێگایه‌کی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قۆناغی له‌مه‌ودوا ده‌که‌ین، شتێک که دیاره هێندێك هه‌ماهه‌نگی و هاوهه‌ڵوێستی له‌گه‌ل هێزه‌کانی پارچه‌کانی تری کوردستانیشی پێویسته.
٣/ پاسیڤ بوون و چاوپۆشیی هه‌تا ئێستای کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له به‌رامبه‌ر گه‌مارۆ و هێرشی نیزامی بۆ سه‌ر کوردستان به‌چه‌شنێکه که ده‌وڵه‌تی عیراق، ته‌نانه‌ت ئه‌ولاتر له چوارچێوه‌ی پێشووی قه‌رارگرتنی هێزه عیراقی و هێزه کوردییه‌کان، هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و جێگه و پێگه ده‌ستوورییه‌که‌ی پێشووشی ده‌کا. ئه‌م چاوپۆشی و پاسیڤ بوونه به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی سه‌رکرده له هاوپه‌یمانه‌تی به‌دژی داعشدا بێئه‌مه‌گیی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر فیداکاری و قوربانیدانی گه‌لێک ده‌گه‌یه‌نێ که به دانپێدانانی خودی ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه پێشمه‌رگه‌کانی ئه‌و گه‌له له‌سه‌ر عه‌رز به نوێنه‌رایه‌تیی جیهان شه‌ڕی ئه‌و توندڕه‌وانه‌یان ده‌کرد که مه‌ترسیی گه‌وره‌یان بۆ سه‌ر ئه‌منیه‌ت و ئاسووده‌یی ئه‌وانیش دروست کردبوو. له‌وه‌ش زیاتر، به‌له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رچاوه‌کانی توندڕه‌وی و ناسه‌قامگیری له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و ململانێ ئیقلیمیه‌کان و مۆدێلێک له کرانه‌وه و پێکه‌وه ژیان که له هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه، هه‌ڵوێستی تا ئێستای کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ رووداوه‌کانی باشووری کوردستاندا نه‌ک هه‌ر بۆ ئایندهی ئه‌و گه‌له، به‌ڵکوو بۆ له‌مه‌ودوای ناوچه‌ش چ له رووی سیاسی و چ له‌ڕووی ئه‌منیه‌تییه‌وه به‌زیان و مه‌ترسیدار ده‌بینین.
٤/ به‌ده‌ر له‌و هه‌ماهه‌نگییه ئیقلیمیه‌ی بۆ فشار و هه‌ڕه‌شه له کوردستان له ئارادایه، ئه‌وه‌ی له رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشووری کوردستاندا فاکته‌ری هه‌ره کاریگه‌ر بوو – به‌دانپێدانانی خودی کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی- پشتیوانیی ئه‌و رێژیمه له سوپای عیراق و میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی بووه. نه‌خشی تێکده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی له رووداوه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی باشووری کوردستاندا، جیا له‌وه که درێژه‌ی سیاسه‌تی دوور و درێژی ده‌ستێوه‌ردانی به‌کرده‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی له وڵاتانی ناوچه به‌تایبه‌تی له عیراقدایه، له هه‌موو کاتێکیش باشتر ده‌ری ده‌خا که ئه‌و رێژیمه دۆستی کورد له هیچ کوێیه‌کی کوردستان نیه و ئه‌گه‌ر له شوێنێکیش یان له قۆناغێکیش حازر به هاوکاری و ته‌عامول له‌گه‌ڵ کورد بێ، ئه‌وه تا ئه‌و کاته راسته که وجوود و جووڵه‌ی کورد روانگه و به‌رژه‌وه‌نده ستراتژییه‌کانی ئه‌و رێژیمه نه‌خاته مه‌ترسییه‌وه. ده‌ستێوه‌ردان و رۆڵی ئێران له رووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عیراق و باشووری کوردستان جیا له‌وه که له‌لایه‌ن کورده‌کانی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستانه‌وه شیاوی تێڕامانی زیاتره، پێویسته ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکاش که ته‌نیا چه‌ند رۆژێک پێش هێرش بۆ سه‌ر کوردستان سوپای پاسدارانی خستبووه لیستی لایه‌نه‌کانی پشتیوانی تێرۆریزمه‌وه به هێندی وه‌ربگرێ.
٥/ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، هه‌م پارته سیاسییه‌کانی ئه‌و به‌شه له کوردستان و هه‌م کۆمه‌ڵگای نێوخۆی وڵات و کورده‌کانی تاراوگه، چ له پرۆسه‌ی ریفراندۆمدا و چ سه‌باره‌ت به لێکه‌وته‌کانی بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بوون و ته‌نانه‌ت به‌و هۆیه‌وه له نێوخۆی وڵات سه‌دان که‌س تووشی گیران و ئازار و ئه‌زیه‌تیش بوون. ئێمه وێڕای به‌رزنرخاندنی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وایه‌تیی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و بزوتنه‌وه‌ی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به پێویستی ده‌زانین که هێزه‌كانی رۆژهه‌ڵات و خه‌ڵک له ناوخۆی وڵات و کوردانی رۆژهه‌ڵات له تاراوگه پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی له باشووری کوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و رێژیمه بۆ سه‌ر حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات بکه‌نه هه‌وێنی هاوکاریی زیاتر بۆ له‌قاودان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و پیلان و هه‌ڕه‌شانه. هه‌ر له‌و کاته‌دا چاوه‌ڕوانیمان له هه‌موو لایه‌ک له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئه‌وه‌یه که له ده‌ربڕینی هه‌ڵوێست و هاوپێوه‌ندییان سه‌باره‌ت به رووداو و ئاڵوگۆڕه‌کانی باشوور کوردستاندا وریای نه‌خشه و پیلانه‌کانی کۆماری ئیسلامی بۆ درز خستنه نێو ماڵی کورد بن و یه‌کده‌نگی و یه‌کریزیی نێو بزوتنه‌وه‌ی کورد به‌گشتی له سه‌رووی هه‌موو شتێك دابنێن.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢٦ ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧