دوو کۆڵبەری کورد، لە ناوچەی سەردەشت لە کاتی ڕاودوونان لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ بە سەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە نێوخۆییەکان ڕۆژی ڕابردوو، لە ئەنجامی ڕادوونانی کۆڵبەرانی کورد، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە ناوچەی سەردەشت، دوو کۆڵبەری کورد کە یەکێک لەو کۆڵبەران بە ناوی “شیروان ئیبراهیمی ” کوڕی کەماڵ تەمەن ٣٠ ساڵ لە یەکێک لە شاخەکانی ئەو شارە لە بەرزایی بەر بوونەوەدا لاقی شکاوە و بە سەختی بریندار بوون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانی سپای پاسداران ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣٠ ساڵەیان بە لاق شکاویی دەسبەسەر کردووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت خەوێندراوە.
شوناسی کۆڵبەرەکەی دیکە هەتا کاتی ئامادەکرانی ئەو هەواڵە ڕوون نەبووتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا، شەوی ٢٩ی ڕەزبەر، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی “محەممەد خالیدی” بریندار و “پشتیوان موعین” لە ناوچەی بێتووشی شاری سەردەشت کوژراو و بریندرا بوون.
هەروەها دوای دەسبەسەرکرانی دوو کاسبکاری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی هەورامانی مەریوان لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە ، هێشتا چارەنووسی ئەو دوو کوڵبەرە ناروونە.
بە پێی سەرچاوە هەواڵییەکانی نێوخۆ، لە ڕۆژانی رابردوودا دوو کۆڵبەری کورد خەڵکی گوندێک لە ناوچەی مەریوان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
“ئامانج ئەمین نژاد” تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی ئەحمەد و “ڕێبوار شەریفی” تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی گوندی “دزڵی” سەر بە شاری مەریوان ناسنامەی ئەو دوو کۆڵبەرن کە دوای دەسبەسەر کرانیان بەرەو گرتنگە گواستراونەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لە چارونووسیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.