دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەر هەیئەتێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستی مستەفا مەولوودی سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستانی کرد و لە لایەن هەیئەتێکی ئەو حیزبە بە سەرپەرستی د. کاوە مەحموود سکرتێری گشتیی حیزبی شیوعی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
لەم دیدارەدا کە بە مەبەستی باس لە دوایین رووداوەکان و بارودۆخی ناوچەکە و بە تایبەتی پێشهاتەکانی پێوەندیدار بە هەرێمی کوردستانەوە رێکخرا بوو هەیئەتی هەردوولا ویڕای باسێکی ورد لە سەر چۆنیەتی ئەو رووداوانە و هاتنی حەشدی شەعبی بۆ کوردستان، کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بە داڕێژەر و بەڕێوەبەری ئەو گەلەکۆمەیە زانی کە دوای ریفراندۆمی خەڵکی باشوور بۆ سەربەخۆیی بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و دەسکەوتەکانی خەڵک لەو هەرێمە کرا.
مستەفا مەولوودی وێڕای دەبڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو رووداوانە ئامادهیی خۆیان بۆ ههرچهشنه هاوکارییهکی فیکری و عهمهلی که یارمهتی به پاراستنی دهسکهوته سیاسی و نهتهوهییهکانی کورد له باشووری کوردستان بکا، دهربڕی.
دوکتور کاوە مەحموود سکرتێری حیزبی شیوعی وێڕای سپاس و پێزانین بۆ پشتیوانیی حیزبی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد کە ئامانجی دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستان لە بار بردنی دەسکەوتەکانی کورد لە باشوور و لە بەین بردنی بزووتنەوەی حەقخوازانەی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستانە کە بێ گومان شوێندانەری لەسەر بزووتنەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ و ئەمە یەکێک لە ئامانجەکانی سەرەکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
لەو کۆبوونەوەیەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە رێگاچارەی سەرەکی بۆ دەرباز بوونی سەرکەوتوانەی کورد لەو قۆناغەدا تەنیا بە یەکگرتوویی هێزە سیاسیەکانی کوردستان مسۆگەر دەبێ و هیوایان خواست کە هێزە کوردییەکان بە تایبەتی لەم دۆخەی هەرێمی کوردستان هەنگاوی بە کردەوەی بۆ هەڵبگرن.