لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، زیاتر لە ١٧٠ کەس لە پارێزگای سنە بە هۆی ڕووداوەکانی کار سەردانی پزیشکی قانوونییان کردووە.
بەپێی هەواڵی “ئیسنا” بەڕێوەبەری پزیشکی قانوونیی پارێزگای سنە بڵاویکردووە، کە لە ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٧١ کەس بە هۆی ڕووداوەکانی کار سەردانی پزیشکی قانوونییان کردووە.
بە قسەی غوڵامڕەزا هومایونپوور، لە کۆی گشتی ١٧١ کەسە کە تووشی ڕووداوی کار هاتوون، ١٧٠ کەسیان پپاو و ١ کەسیان ژنە.
هەروەها ئەو بەرپرسە قەزاییە وێڕای ئاماژە کردن بە شەڕ و کێشە لە نیوان هاوووڵاتییان ڕایگەیاند: لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی سەرەتای ئەمساڵدا بە هۆی شەڕ و کێشە لە نێوان هاووڵاتییان ٦ هەزار و ١٦٩ کەس سەردانی پزیشکی قانوونییان کردووە و لەو ڕێژەیەش ٤ هەزار و ٥٥٩ کەسیان پیاو بوون و هەزار و ٦١٠ کەسیشیان ژن بوون.
بە وتەی بەڕێوەبەری پزیشکی قانوونیی پارێزگای سنە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، ڕێژەی سەردانکردنی هاووڵاتییان بۆ پزیشکی قانوونی لە چاو ساڵی ڕابردوودا سەدی ٨/٣ زیادی کردووە.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا ئاماژەی بە ڕووداوەکانی هاتووچۆش کرد و گوتی: ڕووداوی هاتووچۆ بە چاو ساڵی ڕابردوو سەدی ٧/٢٣ زیادی کردووە.
کۆمەڵناسان بە هۆی دابەزینی ئاستی خۆڕاگریی خەڵک لە هەمبەر ڕووداو و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆشدارییان داوە و هەروەها هۆکارە سیاسی، ئابووریی و فەرهەنگییەکان بە گرینگترین هۆکارەکانی ئەم چەشنە ڕووداوانە دەزانن.