لەوەتا هەم چاوی پڕ لەفرمێسکی کورد دەبینم. جاری وایە گریانی بەکۆمەڵ و جاری واشە تاقولۆق. چاو بەفرمێسکانی کورد تەنیا منداڵان و ژنانی ئەم نەتەوە پڕ دەرد و ڕەنجە ناگرێتەوە، ئەوە هەموو کورد بە ژن و پیاو، پیر و لاو، هەژار و دەوڵەمەند، شاری و لادێین کە فرمێسکی حەسرەت دەڕێژن. لەوەتا هەم ئازارێکی قووڵ لەسەر جەستە و ڕووحی دانە بەدانەی خەڵکی ئەم کوردستانە هەست پێ دەکەم. من کەخۆم دڵ بەژان و چاو پڕ لەفرمێسکم، چاک لەمانای ئەو فرمێسکانە دەگەم کە ڕۆژانە لەسەر کوڵمەی هاونیشتمانام دەیان بینم. ڕاستە ئەو فرمێسکانە هەر جارەی بە بیانوویەک و بە پێی ڕوودانی کارەساتی جیاواز دێنە خوار، بەڵام سەرچاوەیان یەکە و بۆ هەموو خەڵکیش یەک مانای هەیە. هەموو ئەو فرمێسکانەی بە بوونی ئەو ئازارەوە بە گۆناکانی ڕۆڵەی کورددا دێنە خوار باسی ڕاستییەکی تاڵمان بۆ دەکەن: ئێمەی کورد دەردێکی هاوبەشمان ههیه و هیچ چارمان نیە دەبێ بۆ سووک کردنی ئەو دەردە و نەهێشتنی ئەو فرمێسکانە کاری هاوبەش بکەین.
وە نەبێ هەموو ئەو فرمێسکانەی لەچاوی کورد دێنە خوارێ داستانی بەش مەینەتی و دەرد و ژان بن. گەلێک چاوی پڕ لەفرمێسکیشم دیون کە ترووسکەی شادییان تێدا قەتیس ماوە و ترووسکەی هیوا دەنێویاندا پنگی خواردۆتەوە. ئەوەندەی بۆ مەرگەسات و ماڵوێرانی و لەدەستدانی هاوزمان و هاوسەنگەر و هاوخەباتمان فرمێسکمان ڕشتوە و ئەژنۆی خەممان دەباوەش گرتوە، ڕەنگە هەر بەو ڕادەیەش بە بۆنەی سەرکەوتنێکەوە لیزگەی دڵۆپە فرمێسکەکان داگەڕابنە خوارێ و بۆ ماوەیەک دنیای ئێمەی گۆڕیبێ. ئەوەی جێی ناڕەحەتی و نیگەرانی و دڵتەنگییە ئەوەیە کە بەشی زۆری هەڵوەرینی فرمێسکەکانمان بۆ ڕووداوە ناخۆشەکان و بە گشتی بۆ بەختی ڕەشی خۆمان و نەتەوەکەمان هەڵوەراندوە. ئەوەی ناخۆشە فرمێسکی حەسرەتمان درێژماوە و بەردەوام بوە، کەچی فرمێسکی شادیمان کورتخایەن و کاتی بوە. ئەوەی جێی نیگەرانییە بەشیکی زۆر لەو فرمێسکانەی بۆ ڕووداوە ناخۆشەکان هەڵمان وەراندوون بە هۆی ناسۆری خەیانەت و لێکترازانی ڕێزەکانی خۆمان بوە کە هەرجارەی لەشوێنێک و بە بیانوویەک بەربینگیان پێ گرتووین.
بەڵام ئەوەندەی کورد بە هەڵڕشتنی فرمێسک فێرە و کونی چاوەکانی وەک کانی ئاویان لێ هەڵ دەقوڵێ، ئەوەندەش ئامادەیە دڵۆپ دڵۆپی ئەو فرمێسکانە کۆ کاتەوە و بیانکاتە ڕووبارێکی خوڕێن کە هێزی تازەی وەبەر بنێ و لەگێژاوی نەمان بیپارێزێ. ئەگەر بەپێی ڕادەی خەم و خەفەت و درێژماوە بوونی ئازارەکانمان بوایە، دەبوو شوێنەوارێک لەژیان و خۆشیمان نەمابا. ئەگەر بەپێی ژمارەی تەرمی شەهیدانمان بوایە، دەبوو هەموو ژیانی خەڵکی کوردستان وەک لاپەڕەیەکی ڕەشی نێو دەفتەرێک بێتە بەرچاومان و هیچی دیکەی تێدا نەبینین. بەڵام داخوا وایە؟ من کە خۆم یەک لەو چاو بەفرمێسکانەم و دایمە کۆڵی خەمێکی قورس بەشانمەوە، نە دنیا وا دەبینم و نە ژیانی خەڵکی وەڵاتەکەم ئاوا تەماشا دەکەم. لەبەر چاوی من هەموو ئەو فرمێسکانەی بۆ شەهید، بۆ ماڵوێرانی، بۆ گەلەکۆمەگی، بۆ خەیانەت، بۆ برسیەتی و نەداری، بۆ لێکدابڕان و دوو دەستەیی و …. دێنە خوارێ تێکەڵ بە یەک دەبن و ڕووبارێکی خورێن ساز دەکەن و هێزی دووبارەمان پێ دەبەخشێ.
لەوەتی وەبیرم دێ داستانی کەوتن و هەستانەوە بەردەوامە. هەرچەندی لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی کورد هەڵ دەدەمەوە زیاتر ئەو کەوتن و هەستانەوانەم بۆ دەردەکەون. هەر جارەی کورد قڕان دەستی پێ کراوە و بارانی فرمێسکی بەدبەختی هەڵ وەریون، دوای ماوەیەک ڕووباری هەژان و نەوەستان و هەستانەوە سەری هەڵداوە و هەمدیسان فرمێسکی شادی لەچاوی گەورە و چووکی ئەم نەتەوەیە هاتۆتە خوار. مێژوو پێمان دەڵێ هەتا زەختمان زیاتر لێ کرابێ و بۆ لەنێو بردنمان گەلەکۆمەگیی بەرینتر ڕووی دابێ، ورەمان بەرزتر و بڕیاری چوونە پێشمان قایمتر بووە. کورد ئەگەر زۆر تایبەتمەندیی دزێو و دژەخۆیی هەبن، تەنیا ئەوە تایبەتمەندییەی دەیکڕێتەوە کە بە وەڕاست گێڕانی خەوەنی سەربەخۆیی وەفادارە و ئامادەیە فیداکاریی لەپێناودا بکا. ئەوەش شتێکە باری قورسی ئازارەکانمان سووک دەکا و دەبێتە چرایەکی ڕووناک بۆ بەرچاوو ڕوونیام لەشەوە زەنگی تاریک و تنۆکی ئەو هەموو پلانەی بەدژمان بەڕێوە دەچن. دڵنیام دیسان ئەو هەموو فرمێسکەی لەم ڕۆژە تاڵ و تفتانەدا ڕشتوومانن، دیسان دەبنەوە ڕووبارێکی خوڕێن و تین و گوڕی زیاترمان بۆ چوونە پێش وەبەر دەنێن.
( لە ژمارەی ٧١٢ی”کوردستان”دا بڵاو بۆتەوە)