له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا هه‌ر نه‌بێ ١٠ که‌س له خه‌ڵکی کاسبکاری ناوچه سنوورییه‌کان به ته‌قه‌ی هێزه‌کانی ڕێژیم کوژراون‌و بریندار بوون.
به‌پێی ڕاپۆرتی په‌یامنێری کوردکاناڵ ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێک بە ناوی “قادر شەبڕۆ” خه‌ڵکی نەڵۆسی شنۆ به‌هۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌کانی رێژیم له به‌رزایی به‌ربۆته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه گیانی له ده‌ست داوه.
شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 29ی بانه‌مه‌ڕیش لاوێكی خه‌ڵکی سه‌قز به ناوی حه‌مید كە به ماشێن لە سەقزەوە بەرەو شاری بۆكان ده‌چوو، لە بازگەیەكی پشكنین تەقەی لێكراو به‌و هۆیه‌وه گیانی لەدەست دا.
حه‌وتووی ڕابردووش کۆڵبه‌رێک له بانه به ناوی مەجید تەهازادە، تەمەن ٤٢ ساڵ بە تەقەی هێزەكانی سوپای پاسداران گیانی لە دەست دا.
ئەو كۆڵبەرە كوردە كە خاوەنی سێ منداڵە تەنیا ویستبووی بۆ دابینكردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەكەی بە كۆڵ كەلوپەل بگوازێتەوە كە تووشی ئەو رووداوە بووە.
که‌ریم مرادی خه‌ڵکی سه‌رده‌شت کاسبکارێکی دیکه‌ی کورد بوو که سه‌ره‌تای مانگی بانه‌مه‌ڕ که‌وته به‌ر ده‌سڕێژی هێزه‌کانی ڕێژیم و گیانی له ده‌ست دا. چه‌ند ڕۆژ پێش ئه‌و رووداوه‌ش هه‌ر له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت کاسبکارێکی کورد به‌ناوی ره‌حمان حه‌سه‌نپوور درایه به‌ر ده‌سڕێژو به توندی بریندار کرا، به‌ڵام هێزه‌کانی رێژیم تا ماوه‌یه‌کی زۆر نه‌یانهێشت ناوبراو بۆ چاره‌سه‌ریی پزیشکی بۆ نه‌خۆشخانه بگوازرێته‌وه.