هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەبەردەم ماڵی محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشووتری ئێران ئامادەبوون و ڕێگرییان لە هاتنەوە دەرەوەی کردووە.
ماڵپەڕی “کەلمە”ی سەربە بزووتنەوەی سەوز بڵاویکردووەتەوە هێزە ئەمنییەکان بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و دەزگای ئەمنی و دادوەرییەکان ناهێڵن محەممەد خاتەمی، سەرکۆماری پێشووتری ئێران لە ماڵ بێتە دەرەوە و وەک مووسەوی و کەڕووبی لە ماڵی خۆیدا بەند دەکرا و ڕێگە نادرێ لە ماڵەکەی بێتە دەرەوە.
محەمەد خاتەمی کە ماوەی چەند ساڵە لەسەر بڕیاری دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ لە لێدوان و دەرکەوتن لە میدیاکان بێبەش کراوە، بڕیار بووە ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێکی ڕەوتی بەناو ڕیفۆرمخوازان بەشداری بکا.
سەرەڕای ئەم بڕیارە، هەندێک ڕاپۆرتی محەممەد خاتەمی ڕۆژانە سەردانی دەفتەرەکەی خۆی دەکا و تەنیا لە بەشداری لە هەندێک ڕێوڕەسم بێبەری کراوە، بەڵام ماڵپەڕی “سەحام نیوز”ی سەربە مێهدی کەڕووبی نووسیویە محەممەد خاتەمیش هاوشێوەی دوو سەرکردەی دیکەی بزووتنەوەی سەوز لە ماڵی خۆی دەسبەسەر کراوە.
چەند ڕۆژ لەپێش محەممەد خاتەمی لە لێدوانێکدا بە تانەوە گوتبووی هێزە ئەمنی و قەزاییەکان بێکارن و بۆ ئەوەی کار و پیشەیەکیان دەست بکەوێ هەر جارە و کەسێک لە ماڵی خۆی بەند دەکەن.
ئەو وتووێژەی محەممەد خاتەمی لەلایەن وتەبێژی دەزگای دادوەرییەوە بە توندی وەڵامی درایەوەو کاردانەوەشی لێ کەوتەوە.
محەمەد خاتەمی لە ساڵی ١٩٩٧ەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ماوەی دوو خول سەرکۆماری ئێران بوو کە ڕەوتی بە ناو ڕیفۆرمخواز لەسەر دەستی ئەو دامەزرا.