شێخ ڕاشد ئاڵ خەڵیفە وەزیری نێوخۆی وڵاتی بەحرەین رۆژی ٢٦ی ڕەزبەر ڕایگەیاند ١٦٠ تێررویستی هەڵاتوو لەو وڵاتە کە لە لایەن دادگاوە تاوانبار کراون پەنایان بۆ ئێران بردووەو لەوێ دەژێن.
ناوبراو لە وتوێژێک لە رۆژنامەی شەرقوالئەوسەت وتی: ئەو تاقمە تێرۆریستە بە کوشتنی ٢٥ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی بەحرەین و برایندار کردنی پتر لە ٣٠٠٠کەسی دیکە تاوانبارن.
وەزیری نیوخۆی وڵاتی بەحرەین ئەو گرووپە بە دارەدەستی سپای پاسداران دەزانێ.
هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردانی سپای پاسداران لە ولاتەکەی ڕایگەیاند بە پێی زانیارییەکان و دانپێدانانی کەسانی دەسبەسەر کراو، ئاشکرایە کە سپای پاسداران چەند ساڵە خەریکی مەشق و ڕاهێنانی کەسانی تەمەن ٢٠تا ٤٠ ساڵە بۆ بەڕێوەبردنی کردەوەی تێرۆریستی و لەو ڕێگاوە ئەمنیەتی وڵاتانی ناوچە بەتایبەتی بەحرەین و عەرەبستانی سعوودی بخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو هەروەها ئاشکرای کرد کە تائێستا ٢٤ کیلۆ مەوادی پێوێست بۆ دروست کردنی بۆمبی دەسکرد لە بەحرەین دۆزراوەتەوە ، کە لە لایەن دەستوپێوەندییەکانی سپای پاسدارانەوە بۆ تەقینەوەکان ڕادەستی گرووپە توندڕەوەکان کراوە.
ڕاشد ئاڵ خەڵێفە وتی: ئێران بۆ کێشەنانەوە لە وڵاتی بەحرەین دەستی داوەتە ورووژاندنی فرقەگەرایی و ڕێکخستنی گرووپ و تاقمە تێرۆریستییەکان ، بە مەبەستی تێکدانی دۆخی وڵاتانی ناوچە و پێویستی پێشی لێ بگیردرێ.
شیاوی باسە دوای بڵاوبوونەوەی ستراتێژی نوێی ئەمریکا لە هەمبەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەمارۆخستن بەسەر سپای پاسداران چەند وڵاتی عەرەبی پشتیوانی خۆیانیان لەو هەڵوێستە دربڕیوە.
شیاوی باسە ستراتێژی نوێی ئەمریکا لە نێو بەرپرسانی باڵای نیزامیش کاردانەوەی لێکەوتەوەو رۆژی ڕابردوو موحسێن رەزایی سکرتێەی کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندییەکانی نیزام، بە نیگەرانییەوە باسی لەو ستراتێژییە کردو وێڕای ڕەخنەگرتن لە مەوافقانی ڕێککەوتنی بەرجام، ڕایگەیاند دەبێ هەڕەشەکانی ئەمریکا سەرەنجی زیاتری بدەین و خۆمان بۆ رووبەروو بوونەوە ئامادە بکەین.