سپای قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا چەند بارەگایەکی لەناو شاری کەرکووک لەگەڵ دەفتەری قەرارگای رەمەزان، کردەوە و لە ژمارەیەک بارەگای دیکەی نیزامیی سوپای پاسدارانیشی بە جلوبەرگی حەشدی شەعبی کردووتەوە.
بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ڕۆژی ڕابردوو لە شاری کەرکووک فەرماندەیەکی ئێرانی بە ناوی “حاجی ئیحسان”، کە نوێنەری سپای قودسە لە شاری کەرکووک، پێنج بارەگای نیزامیی لە شوێنە جیاوازەکانی کەرکووکدا کردووەتەوە، و ئەو شارەش کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی ئێران و حەشدی شەعبی دایە.
قەرارگای رەمەزان سەربە سپای پاسدارانە، ساڵی ١٩٨٣ بۆ رێکخستنی ھێزە نەیارەکانی حکوومەتی بەعس لە ئێران، ھەروەھا ئەنجامدانی عەمەلیاتی نیزامی و ئەمنی لە عێراق و کوردستان پێک ھاتووە. دەگوترێ، ئێستاش بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی عێراقە.
هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر لە سەرەتاوە لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا زمانی کوردی و تورکمانی تێیدا قەدەغە کرا.
لە پێوەندیی لە گەڵ دەستێوەردانە نوێیەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیاسەتی دژە کوردیی ئە وڵاتە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لقی سپای قوودس بە مەبەستی هەڵوەشانەوەی ڕیفڕاندۆمی باشووری کوردستان هێرشیان کردە سەر چەند ناوچەی باشووری کوردستان و داگیرییان کرد.
بەرپرسانی بالای نیزامە پێشتریش هەڕەشەیان لە باشووری کوردستان کرد بوو، دوای بەڕیوەچوونی ڕێفراندۆمیش بە توندی لە هەڕێمی کوردستان هەڕەشەیان کرد.
خامنەیی ڕێبەری نیزام لە چاوپێکەتنی لە گەڵ ئوردۆغان سەرۆكکۆماری تورکیە، بەڕێوەچوونی ڕێفڕاندۆمی بە خەیانەت ناوبرد و ڕایگەیاند کە پێش لە دابەشبوونی عێراق دەگرن.
دوای داگیرکردنی شاری هەستیاری کەرکووک لە لایەن میلیشیاکانی سەربە سپای پاسداران لە نێو مێدیاکانی ئێران دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
بەشی هەرەزۆر رۆژنامەکانی ئێران بە چەواشەکاریی و خۆشحاڵییەوە باسیان لە داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان کرد و شەوی ڕابردووش لە یەکیک لە کەناڵەکانی دەنگ وڕەنگی کۆماری ئیسلامی دێکۆمنتێک سەبارەت بە شۆڕشی کورد لە عێراق و رێبەرانی ئەو شۆڕشانە بە مەبەستی ڕووشاندن بڵاوکردەوە.
هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی دەستێوەردانی سپای پاسداران لە باشووری کوردستان ڕاوێژکاری خامەنەیی عەلی ئەکبەر وڵایەتی بەشداریی کردنی و هەبوونی سپای پاسدارانی لە داگیرکردنی کەرکووک ڕەد کردەوە.
بەڵام هێندێک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ئاشکرایان کرد کە هێرش بۆ سەر بەشێک لە خاکی کوردستان پیلانی دەستوپێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.