لە ماوەی چەند ڕۆژدا کۆماری ئیسلامیی ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دەستیان بەسەر گەورەترین بیرە نەوتەکانی عێراق لە کەرکووکی کوردستان داگرت.
دوای داگیرکردنی شاری کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی ئێران و کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، هێزەکانی سەربە ئێران دەستیان بەسەر زۆرینەی هەرە زۆری بیرە نەوتەکانی سنووری باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووکدا گرت کە بەپێی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ئەو بیرە نەوتانەی لەو سنوورەدان، گەورەترین بیرە نەوتەکانی کوردستان و عێراق و جیهانیشن. بەو هۆیەوە پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە لە داهاتوودا ئێران کاریگەرییەکی گەورەتری لەسەر بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا دەبێ و کارتێکی بەهێزتری بەرامبەر بە وڵاتە نەیارەکانی دەبێ.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارێکی ساڵی ٢٠١٣دا، رۆژنامەی “فاینانشیاڵ تایمز”ی بریتانی، یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕی ٤٥ میلیار بۆشکە نەوت دەخەمڵێنێ و باس لەوەش دەکا کە لە سەدەی داهاتووشدا نەوتی هەرێمی کوردستان تەواو نابێ و وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی دەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ڕاپۆرتی هەمان ساڵی ئاژانسی وزەی جیهانی، هەرێمی کوردستان لە ڕووی یەدەگی نەوت و گازەوە لە پلەی دەیەم دایە لەسەر ئاستی جیهاندا کە خاوەن یەدەگێکی گەورەیە.