دەسبەسەرکراوەی خەڵکی شاری سەقز، پاش ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی موکریان، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی “عەتا ڕەحمان زادە “شەماڵ سەقزی” کە ٢٠ ڕۆژ لەوەپێش لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سەر بە سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز گواسترایەوە.
هێزەکانی ئیتلاعاتی سەربە سپای پاسداران ماڵی ناوبراویان پشکنیوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی “بەشداریی لە شایی و خۆشی دەربڕینی پشتیوانی لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان” دەسبەسەر کراوە و لە هۆکاری گواستنەوەی ناوبراو لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لە بەردەستدا نیە.
شایانی باسە پاش بەڕێوەچونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی مەهاباد، سنە، سەقز، جوانڕۆ، بانە، کامیاران، ساین قەڵا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردیان بە تۆمەتی “بەشداریی لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان” دەسبەسەر کردووە و لە چارەنووسی زۆربەی دەسبەسە کراوەکان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە و هێزە ئیتلاعاتییەکان بە هیچ شێوەیەک وڵامێکی ڕاست بە بنەماڵەکانیان نەداوتەوە و نادەنەوە.