هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن لقی ١ی بەڕێوەچوونی تاوانەکانی دادسەرای گشتی و شۆڕش لە شاری شنۆ حوکمی دەسبەسەر داگرتنی ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی دەرکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکان ، سابیر ڕەسوولپوور هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری شنۆ، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەگەڵ چەند هاووڵاتییەکی دیکە دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن لقی یەکی دادسەرای گشتی و شۆڕش لە شاری شنۆ، لە بڕیارێکدا پێی ڕایگەیاند کە ئەگەر خۆی ڕادەستی ناوەندە قەزاییەکان نەکا، دەست بە سەر خانووبەرەکەیدا دادەگیرێ.
پێشتریش ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ لەو شارە بە چەندین تۆمەتی جۆراوجۆر و پەروەندەسازی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە دەیان ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.
سابیر رەسووڵپوور ئارەنایی کوڕی ئیسماعیل لە چوار جار دادگایی کردن سەرجەم بە ١٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو، کە ساڵی ڕابردوو، بە دانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە و بە هۆی فشاری هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران بە ناچاری وڵاتی خۆی بەجێ هێشت و ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد.