پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر لە یەکێک لە سالۆنەکانی بنکەی سەرەکیی دەفتەری سیاسیی حدک کۆبوونەوەیەکی سیاسی _ تەشکیلاتی بۆ بەڕێز مستەفا مەولوودی بەڕێوەچوو.
ئەوکۆوبونەوە کە بە مەبەستی ڕاپۆرتی سەفەری نزیک بە دوومانگی مستەفا مەلوودی بۆ ئورووپا و هەروەها کۆمەڵێک باسی رۆژەفی کوردستان و ناوچەکە پێکهاتبوو، بە بەشداریی بەشێکی زۆر لە کادرو پیشمەرگەکانی حیزب بەڕێوەچوو.
مستەفا مەولوودی لە سەرەتای قسەکانیدا سەبارەت بە هەلومەرجی ئیستای حیزب دوا و، کۆمەڵێک خاڵی سیاسی و تەشکیلاتی لە پێوەندییەدا پێشکەش بە بەشداران کرد.
بەڕیزیان بە وەبیرهێنانەوە هەڵسوکەوتی ژیرانە پێشمەرگەکانی شاخ و ماندووبوونی هاوڕێیانی دەفتەری سیاسی لە هەمبەر رووداوەکەی دەڤەری باڵەکایەتی و هەوڵدان بۆ هێور کردنەوەی دۆخەکە ، بە رەفتارێکی باش و مەسئولانەی زانی.
مستەفامەولوودی سکرتێری گشتیی حیزب، لە درێژەی قسەکانیدا بە هەڵسەنگاندی دۆخی سیاسی وئێستای ئێران و کاریگەرییەکانی بەسەر کوردستان و چۆنیەتی رووبەروو بوونەوە لەگەڵ پێشهاتەکان کۆمەڵێک خاڵی لەو بارەوە باس کرد.
بەڕیزیان بە ئاماژەدان بە تازەترین رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو هاتنەسەرشەقامی خەڵک بەرانبەر بە کوشتاری کوڵبەران و هەروەها خۆشیدەربرینی خەڵکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم و هەروەها کار و چالاکییەکانی دیکەشی نیشان لە زیندوو بوونی تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانە ناوبرد و، وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرنج و بایەخەوە لەو چالاکییانە دەڕوانێ وە کوو هەمیشە لە خەبات و تێکۆشانی فرەڕەهەند پشتیوانی دەکا.
مستەفامەولوودی بە خستنەبەرباسی فشارەکان بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و تازەترین هەڵوێستی نوێی تڕامپ بەرانبەر بە ئێران و بەتایبەتی گوشارەکان بەسەر سپای پاسداران لەو بارەوە گوتی: حیزبی دێموکراتی کوردستان هەرچەشنە گوشار بەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی سپای پاسداران بە دەرفەتێک دەزانێ و بە مافی خۆیشی دەزانێ لەو دەرفەتانە کەڵک وەر بگرێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی مستەفا مەولوودی لەسەر سەفەری بۆ چەند وڵاتی ئورووپایی و دیدار لە گەڵ بەشێکی زۆر لە تەشکیلاتی دەرەوە لەو بارەوە درێژەی بە وتەکانی دا.
ناوبراو بە باس کردن لە ئەرک و کاری ئەندامان و تەشکیلاتی حیزب لە دەروەی وڵات، ماندووبوون و تێکۆشانی سەرجەم ئەندامانی دەروەی بۆ خزمەت بە حیزبەکەیان بەرزنرخاند.
لە کۆتایی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە خستنەبەرباسی دوایین رووداوەکانی باشووری کوردستان و پرسی کەرکووک لەوبارەوە وتی: خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمووکات لە بەرانبەر دەسکەوتەکانی هەرپارچەیەک لە کوردستان خوشیدەربڕیوەو پاڵپشتییان کردوەو بە شکستەکانیش نیگەران بووە، هەر لەو لەو پێوەندیەشدا کۆمەڵیک خاڵی گرینگی بۆ سەرجەم ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزب، باس کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە هاوڕێ حەسەن قادرزادە بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی ،نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بە پێشهاتەکان و رووداوەکانی ئەم دواییانە باشووری کوردستان و، هەروەها ئەرک و تێکۆشانی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوبارەوە، کۆمەڵێک تێبینی و رێنوێنی باس کرد.
لە دوا بەشی ئەو کۆبوونەوە، لە گفتگۆیەکی کراوەدا چەند کەس لە بەشداربووان کۆمەڵێک پرسیار و تێبینی خۆیانیان خستەڕوو.