ڕێكس تیلێرسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا له وتووێژێكی تلویزیونیدا ڕایگه‌یاند، كه ستراتیژیی نوێی دۆناڵد ترامپ پشتیوانیكردن له‌و هێزه دێموكراتیخوازانه‌یه كه خوازیاری گۆڕینی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێرانن.
ناوبراو گوتی، نه ته‌نیا به‌ره‌نگاریی به‌رنامه‌ی ناوكیی ئێران ده‌بێته‌وه به‌ڵكوو دژی هه‌ر چه‌شنه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی خۆی ده‌وه‌ستێته‌وه و به‌ڕه‌سمی پشتیوانی له هێزه نه‌یاره‌كانی ئه‌و ڕێژیمه ده‌كا كه له هه‌وڵی گۆڕینی سیستمی ئه‌و وڵاته دان.
تیلێرسۆن له درێژه‌دا گوتی، “هه‌وڵه‌كانی ئێمه، پشتیوانیكردن له ده‌نگی خه‌ڵكی ئێرانه كه بۆ ئازادی و دێموكراسی تێده‌كۆشن و هه‌روه‌ها هیوای خواست ئه‌و خه‌ڵكه كۆنتڕۆڵی حكوموته‌كه‌یان بگرنه‌وه ده‌ست.
هه‌روه‌ها ناوبراو له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ده‌ڵێ، سه‌ركۆماری ئا‌مریكا خوازیاری ستراتیژێكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێرانه كه له‌وانه‌یه بۆ گۆڕینی ئه‌و ڕێژیمه كاتی زیاتری پێویست بێ.
تێلێرسۆن ده‌ڵێ، ئێستا له هه‌وڵی به‌هێزكردنی خاڵه لاوازه‌كانی ڕێكه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران و زلهێزه‌كان داین و هاوكات ده‌ستی فراوانخوازییه‌كانی كۆماری ئیسلامیش له ناوچه‌دا كورت ده‌كه‌ینه‌وه.