ڕووحانی سه‌رۆک کۆماری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی په‌نای برده‌وه بۆ چه‌کی فریودان که ئێرانیه‌کان به‌ڕاستی تێیدا وه‌ستان و به خه‌یاڵی خۆی پێیوایه ده‌توانێ به‌و زمانه نه‌رمه کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان فریو بدا. هه‌ر له‌و کاته‌دا نه‌یتوانی دوژمنایه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ کورد و مه‌سه‌له ڕه‌واکه‌ی بشارێته‌وه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یکه بڕیاری به‌کارهێنانی مافی دیاریکردنی چاره‌نوسی به هه‌ڵه دانا، خه‌تاکه‌شی خسته سه‌ر شانی کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تی سیاسی له باشوری کوردستان. ئه‌و ڕوو به کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ڕایگه‌یاند که زۆر سۆزی هه‌یه بۆ کورد، به‌ڵام بۆ ئه‌و کوردانەی که به بۆچونی ئه‌و خه‌تا نه‌که‌ن و داوای مافی خۆیان نه‌که‌ن. ئه‌و گوتی نایانهه‌وێ فشار بۆ کورده‌کان بێنن، به‌ڵام له نێو قسه‌کانی دا گه‌یاندی که مه‌به‌ستی ئه‌و کوردانه‌یه که پشتیوانی ڕژیم بن. وادیاره ئاغای ڕووحانی ئاگای لێ نییه که ته‌نیا به‌خاتری ئه‌وه‌ی خۆشحاڵیان بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم ده‌ر برێوه هه‌ر ئیستا زیاتر له سێسه‌د لاوی کورد له لایه‌ن حکومه‌ته‌که‌ی خۆیه‌وه گیراون و له سیاچاڵه‌کانی ڕژیمه‌که‌ی دا له ژێر ئه‌شکه‌نجه و ئازار دان.
دیاره ئه‌گه‌ر ئێرانیه‌کان به گشتی و کۆماری ئیسلامی به تایبه‌تی به شێوه‌یه‌کی مه‌نتقی و به پێی هه‌ل و مه‌رجی کوردستان له لایه‌ک و ئێران له لایه‌کی دیکه‌وه سیاسه‌تیان کردبایه و له بیری قازانجی هاوبه‌شی کورد و فارس و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له ناوچه‌دا بوونایه، ده‌بوو به‌ڕاستی دۆستی کوردبان و پشتیوانیان له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کردبایه، چونکه له زۆر باره‌وه کورد و فارس و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی نێو ئێران قازانجیان له‌وه دایه که دراوسێی باشی یه‌کتر بن و له ئیمکاناتی یه‌کتر به‌هره وه‌رگرن، له جیاتی ئه‌وه‌یکه به درێژایی ده‌یان ساڵ پێکه‌وه له کێشه دا بن و شه‌ڕ و خوێنڕێژیان له به‌ین دا ڕوو بدا و سه‌رمایه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی هه‌موویان له به‌ربه‌ره‌کانی له گه‌ڵ یه‌کتر دا به فێڕۆ بچێ.
چ ده‌بو ڕۆژێک له ڕۆژان، له به‌ر ڕووناکی تاقیکردنه‌وه‌کانی وڵاتانی پێشکه‌وتوی دنیادا، که هه‌مووشیان باش لێی ئاگادارن، هه‌وڵیان بدایه بۆ پیکهێنانی یه‌کیه‌تیه‌کی دڵخوازانە له نێوان هه‌مو پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ناوچەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا و کۆنفدڕاسیۆنێکی وه‌ک یه‌کیه‌تیی ئوروپایان پێک هێنابا. چ ده‌بو کاربه‌ده‌ستانی ئێرانی که خۆیان زۆر به زیره‌ک و لێهاتو ده‌زانن ، له جیاتی ئاژاوه‌نانه‌وه له ناوچه، ئه‌زیه‌ت و ئازاری نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران، ئێعدامی ئازادیخوازان و ڕاوه‌ستان له دژی مافه‌کانی گه‌لانی ناوچه هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دابایه که پێکه‌وه‌ژیانێکی ئاشتیخوازانه له ناوچه‌دا جێگیر بێ و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان ببنه خاوه‌نی مافه‌کانی خۆیان و هه‌مووشیان له ئیمکانات و سه‌رمایه‌ی ئه‌و ناوچه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی جیهان پێکه‌وه که‌ڵک وه‌ربگرن؟
به‌ڵام مخابن ئه‌وه‌ی بیری لێناکه‌نه‌وه قازانجی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌یه. ئه‌وان هێنده له زه‌لکاوی شۆوێنیزم ڕۆچوون که پێیان وایه هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه ده‌بێ کڕنۆشیان بۆ به‌رن، نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئێران ده‌بێ به شارۆمەندیی پله دوو ڕازی بن و هه‌مووان بێنه سه‌ر خه‌تی فکری دواکه‌وتووی ئه‌وان که هیچ چاره‌سه‌رێکی بۆ گرفتی مرۆڤی ئه‌وڕۆیی پێ نییه و ئینسانه‌کان به دوو ده‌سته‌ی بڕیارده‌ر و کۆیله‌ی گوێ له مست دابه‌ش ده‌کا.
ڕووحانی ئیددیعای کرد که هۆگری بۆ کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان هه‌یه، ئه‌وه له کاتێک دایه که هه‌ر به بیستنی مه‌سه‌له‌ی ڕیفڕاندۆم له باشوری کوردستان کێچ که‌وته که‌وڵی ڕژیمه‌که‌ی و ده‌ستیان کرد به هات و هاوار و په‌نا بردن بۆ دوژمنه‌کانی دیکه‌ی کورد و ڕاگه‌یاندنی مانۆڕی نیزامی و هه‌وڵدانێکی سیاسی چڕ و پڕ له گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و جیهان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن پێش به‌وه بگرن که باشووری کوردستان له پرۆسه‌یه‌کی دێموکڕاتی دا بڕیار له چاره‌نوسی خۆی بدا. کاتێکیش هه‌وڵه‌کانیان سه‌ری نه‌گرت و کوردستان بۆ هه‌ڕه‌شه‌و پلانه‌کانی ئه‌وان نه‌چه‌مایه‌وه، ده‌ستیان کرد به ڕێکخستنی مانۆڕی نیزامی له سنوره‌کان و هه‌ڕه‌شه‌یان کرد که سنوره‌کان داده‌خه‌ن، په‌یوه‌ندییه‌کان ده‌پسێنن و پشتیوانیی نیزامی له ده‌وڵه‌تی شێعه‌ی عێراق ده‌که‌ن تا هێرش بکاته سه‌ر کوردستان. قاسمی سوله‌یمانی که ئاڕشیتێکتی ئاژاوه‌یه له ناوچه‌دا وه‌خۆ که‌وت و میلیشیاکانی خۆی جووڵاند که به ناوی حه‌شدی شه‌عبی له نێو عێراق دا زۆرتر بۆ ته‌شه‌نه پێکردنی ناکۆکیه‌کانی نێوان پێکهاته سه‌ره‌کیه‌کانی عێڕاق دروستی کردوه. به پێی هێندێک هه‌واڵ هه‌ر ئێستا به شێکی به‌رچاو له حه‌شدی شه‌عبی و سوپای قودس له سنوری پارێزگای که‌رکووک له حاڵی ئاماده باشی دان بۆ هێرش کردنە سه‌ر پارێزگای که‌رکووک.
ئاغای ڕووحانی ئه‌گه‌ر هێنده دڵسۆزی کورده و به قه‌ولی خۆی هۆگریی بۆ کورد هه‌یه، با ده‌ستوور بدا سوپای قودس و هێزه سه‌رکوتکه‌ره‌کانی دیکه‌ی رێژیم ده‌ست له ئاژاوه‌گێڕی دژی خه‌ڵکی کوردستان هه‌ڵگرن. با زیندانیه‌کانی ئه‌م دواییانه که زیاتر له ٣٠٠ که‌سن و ته‌نیا به خاتری خۆشحاڵی ده‌ربڕین بۆ ڕیفڕاندۆمی سه‌ربه‌خۆیی براکانیان له باشووری کوردستان ده‌ستبه‌سه‌ر کراون ئازاد بکا. با فشار له سه‌ر گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌ڵگرێ و خاڵه سنووریه‌کان نه‌به‌ستێ که ژیانی به‌شێکی زۆر له ناوچه سنووریه‌کان به‌ستراوه‌ته‌وه به ئاڵووێر له‌و سنوورانه‌دا. با ده‌ستور بدا چیدی کۆڵبه‌رانی کورد نه‌کوژن که بۆ پاروە نانێک مه‌جبوورن کۆڵبه‌ری بکه‌ن.
به‌ڵام ئاغای ڕووحانی ڕاست ناکا، ئه‌و نه‌ک ته‌نیا هیچ هۆگریه‌کی بۆ گه‌لی کورد له هیچ به‌شێکی کوردستان نییه، به‌ڵکو وه‌ک هه‌موو دوژمنانی دیکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد چاوی به وه هه‌ڵنایه که له به‌شێکی کوردستان دا ڕیفڕاندۆمی سه‌ربه‌خۆیی بکرێ و ئه‌و گه‌له ژێر چه‌پۆکه‌ی که زیاتر له سه‌د ساڵه چاوه‌ڕوانی ڕۆژێکی وا ده‌کا، بتوانێ مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی به‌کار بێنێ و سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نێ.
ئاغای ڕووحانی وه‌ک عاده‌تی هه‌میشه‌یی ڕێژیمه‌که‌ی، له لایه‌که‌وه فریو ده‌دا و ڕیاکاری ده‌کا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه هێرش ده‌هێنێ و جینایه‌ت ده‌کا. ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه که گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به هانای براکورده‌کانیان له باشوره‌وه نه‌یه‌ن و به خاتری ئه‌وان شه‌قامه‌کان نهشڵهژێنن. به‌ڵام خه‌یاڵی کاربه‌ده‌ستانی ئیران و ڕێژیمه‌کانی دیکه‌ی دژی کورد خاوه، ئه‌گه‌ر فشاری زۆرتر بێنن و نیازیان هه‌بێ ئه‌زموونی باشوور تێکبشکێنن، جۆش و خرۆشی کوردستانیان لە ڕۆژهه‌ڵات و باکور و باشور و ڕۆژ ئاوا، ته‌ختی ده‌سه‌ڵاتیان وه‌له‌رزه دێنن و دوڕگەی ئارامیان لێ ده‌شێوێنن.