ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە بە پەلە محەممەد نەزەری، بەندکراوی سیایی کورد ئازاد بکرێ.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، ئەو ڕێکخراوە لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەمبەر خراپبوونی بارودۆخی جەستەیی محەممەد نەزەری و درێژەی مانگرتنی لە خواردن نیگەرانیی خۆی دەربڕی.
سەرەتای ئەو ڕاگەیەیەندراوە بە “زیندانیی سیاسی محەممەد نەزەری ئازاد بکرێ” دەست پێدەکا و لە درێژەدا دەنووسێ:
محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی کورد ٧٨ ڕۆژ پێش مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی ئەو هەواڵانەی لەبەر دەست دایە، ئەو زیندانییە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژەی زیندانی کردنی نادادپەروەرانە و درێژماوە و قەبووڵ نەکردنی دەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکان بۆ ئازادی مەرجداری ناوبراو، مانی لە خواردن گرتووە.
لەو پێوەندییەدا هەندێک سەرچاوەی هەواڵدەریی باس لە خراپتربوونی بارودۆخی جەستەیی ناوبراو و تەنانەت ئەگەری مردنی دەکەن.
محەممەد نەزەری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سائینقەڵایە. ناوبراو ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامیی دەسبەسەر کرا. دادگای شۆڕش لە شاری بۆکان سەرەتا ناوبراوی بە ئێعدام و دواتر بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد. ناوبراو دوای ٢٤ ساڵ لە زیندانی ڕەجاییشاری کەرەج، بێ هیچ مەرەخەسییەک و داشکاندنی حوکمەکەی، تا ئێستا لە زیندان دایە.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای نیگەرانی دەربڕین لە دۆخی خراپی جەستەیی محەممەد نەزەری و درێژەی مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە، داوای ئازادیی بە پەلەی ناوبراو دەکا. ئەو ڕێکخراوە داوا لە بەرپرسان و کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنییەتی دەکا، ئازاد کردنی یاسایی ناوبراو جێبەجێ بکەن.