خوسرەو کوردپوور، چالاکی مافی مرۆڤی و بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان دوای دەسبەسەرکردنی یەکێک لە هەواڵنێرانی ئەو ئاژانسە کاردانەوەی لە خۆی نیشان دا.
بەپێی هەواڵی سەرچاوە نێو خۆییەکان، خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان پاش دەسبەسەرکردنی بەختیار خۆشناو، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی موکریان لە شاری سەقز ڕایگەیاند: “لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێچووی گەیاندنی زانیاری ئازاد زیندانیی کردنە”.
ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ وێڕای ئاماژە کردن بە تێچووی گەیاندنی زانیاری ئازاد لە کوردستان دەڵێ: “ئێمە نرخی ئەو ئازادییە دەدەین”.
بەختیار خۆشناو، چالاکی مافی مرۆڤی کورد، خەڵکی شاری سەقز پاش لێپرسینەوە لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
پێشتریش واتە جۆزەردانی ئەمساڵ، بەختیار خۆشناو بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە بە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی دەرەوەی وڵات” لە دادگای سەقز دادگایی کرا.
خوسرەو کوردپوور، برای مەسعوود کوردپوور لە چالاکانی ناسراوی بواری ڕاگەیاندنی ئازاد لە کوردستانە؛ ئەو دوو برایە لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی”کۆبوونەوە و پڕوپاگەندە و هەوڵدان دژی نیزام” لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لەلایەن دادگای شۆڕش لە شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی قازی “جەوادی کیا” سەرجەم بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم دراون.