سەرەنجام پاش چاوەڕوانییەکی زۆر، ئێوارە درەنگانی هەینی ٢١ی ڕەزبەر، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئامریکا، سیاسەتی داهاتووی خۆی لەمەڕ کوماری ئیسلامیی ئێران و ڕێککەوتنی ناوکی بەرجام و سپای پاسداران ڕاگەیاند.
دوناڵد ترامپ لە قسەکانیدا وێڕای هێرش کردنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێژیمە هەر لەسەرەتاوە دژی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بووە و زۆر کردەوەی تیرۆریستی وەک داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە ئێران و بە بارمتە گرتنی دیپڵۆمات و کارمەندەکانی ئامریکایی و کوشتنی سەدان سەرباز و هاووڵاتی ئامریکایی و پشتیوانی هەمەلایەنە لە دەستەو تاقمە تیرۆڕیستییەکان و دەستێورەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، بەشێک بوون لە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ڕاستە سەرۆک کۆماری ئامریکا رێککەوتنی ناوکی بەرجامی هەڵنەوەشاندەوە، بەڵام نیازپاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی لەمەر جێبەجێ کردنی بەرجام وەک دوو جاری پێشوو پشتڕاست نەکردەوە، بەڵکوو بڕیاردان لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی بە کۆنگرەی ئامریکا ئەسپارد. دیارە کۆنگرەی ئەمریکاش کە پێکهاتوو لە مەجلیسیی نوێنەران و مەجلیسی سینای ئەو وڵاتەیە، دوو مانگی دەرفەتە هەتا بڕیاری کۆتایی خۆی لەسەر بەرجام بدات.
ئەوەی دیارە و چاوەڕوان دەکرێ و ئەگەری سەرکەوتنی زۆرترە ئەوەیە کە کۆنگرەی ئامریکا کە لەودا کۆماریخوازەکان باڵادەستن، دەنگ بە هەڵوەشانەوەی یەکلایەنەی ڕێککەوتنی بەرجام بدات. جگە لەوەش ترامپ شەوی ڕابردوو لە نێو وتەکانیدا ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆنگرەی ئامریکاش پاش ئەو ماوە یاساییە، بڕیارێک لەمەر هەڵوەشاندنەوەی بەرجام دەرنەکات، ئەوە بۆ خۆی ڕاستەوخۆ ئەو ڕێککەوتنە سەقەتە هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە پێوەندیی لەگەڵ سپای پاسدارانیش، شیمانە دەکرا دۆناڵد ترامپ ئەو دامەزراوە زەبەلاحە نیزامی و ئابوورییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە وەک باسکی بەهێزی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵاتە و لە نێو ناوچە قەیراناوی و شەڕلێدراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە بەرەوپێش بردنی سیاسەت ئاژاوەگێرانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵی سەرەکیی هەیە و لە نێو خۆشدا بەردەوام خەریکی برەودان و پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییە دورهاوێژەکانە، بخاتە نێو لیستەی دەستەو گرووپ و تاقمە تیرۆڕیستییەکان، بەڵام دۆناڵد ترامپ خۆی لەو کارە بوارد و تەنیا سزای توندی هەمەلایەنەی خستە سەر سپای پاسداران.
دیارە شک لەوەدا نییە لێکەوتەکانی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر سپای پاسداران ئەو کاریگەرییە یەکلاکەرەوەی نابێ کە چوونی ناوی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆڕیستییەکان دەیبوو، بەڵام بەوحاڵەش ئامریکا و خودی دۆناڵد ترامپ باش لەو مەسەلە گەیشتوون کە سپای پاسداران لە کۆماری ئیسلامیدا هێزی سەرەکیی و کۆڵەکەی سەربازیی هەرە گرینگی ئەو رێژیمەیە و خستنی ئەو هێزە لە نێو لیستی دەستەو تاقمە تیرۆڕیستییەکان، لەڕاستیدا ڕاگەیاندنی شەڕە لە دژی کۆماری ئیسلامی و دەتوانێ دەرهاویشتەی مەترسیداری بۆ ئەمنییەت و ئاسایشی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێبکەوێتەوەو لە لایەکی دیکەش ڕوون و دیارە سزا ئابوورییەکانی سەر سپای پاسداران ئەوەندە بەربڵاو دەبن کە دەتوانن ئەو دامەزراوە زەبەلاحە لە ئاستی نێوخۆیی و لە پرۆژە ئابوورییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆمپانیا دەرەکییەکان تەنگەتاو بکات و لە ئاستی دەرەوەش دا ئەو کاریگەرییەی دەبێ کە ئەو ڕێکخراوە لە بواری ئابووری و نیزامییەوە لە پەلوپۆ بخا.
دیارە هەروەک چاوەڕوان دەکرا سەرۆککۆماری رێژیم وەک کەسێک کە هەر لەدەسپێکی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە دەورەی یەکەمی سەرۆک کۆماری خۆیدا بەڵێنی ڕێککەوتنی ناوکی و لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر کۆماری ئیسلامیدابوو و بە باوکی بەرجام دەناسرێ، شەوی ڕابردوو دوابەدوای قسەکانی ترامپ هاتە سەر خەت و لە وڵامی سەرۆک کۆماری ئامریکادا وێڕای رەخنەی توند لە ئامریکا و تانە و تەشەری زۆر، ڕایگەیاند هەتا بەرجام قازانجی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێ، ئەوان پابەندی ئەو ڕێککەوتنە دەبن.
شک لەوەدا نییە ئەوەی کۆماری ئیسلامی زۆر لێی دەترسا لە ڕاستیدا هەڵوەشانەوەی بەرجام لەلایەن ئامریکاوە نەبوو، چونکە لەلایەک بەرجام ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە و هەڵپەساردن یان هەڵوەشانەوەی پێوەندیی بە وڵاتانی ١+٥ هەیە کە هەموویان جگە لە ئامریکا دژی هەڵوەشانەی بەرجامن؛ ئەوەی کۆماری ئیسلامیی تاساندبوو ئەگەری چوونی نێوی سپای پاسداران بۆ نێو لیستی تیرۆڕی ئامریکا بوو، بەو حاڵەش سزا ئابوورییەکانی سەر سپای پاسداران دەتوانێ هۆکاری جیددی بن بۆ بەرتەسک کردنەوەی مەیدانی تەراتێنی سپای پاسداران و دەتوانێ کاریگەری هەبێ لە چارەسەری قەیرانە خوێناوییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی قەیرانی خوێناویی یەمەن و سووریە و ئاڵۆزیی سیاسی لە عێراقی داهاتودا.