لە حاڵێكدا كە نوێنەرانی عەرەبستانو یەمەن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایانگەیاندووە كە لە دانووستانەكانی ئاشتیی یەمەندا، هیچ جێگەیەك بۆ ئێران دیاری ناكرێ، جێگری وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیش دەڵێ نابێ ئەم لایهنانهی شەڕ لەگەڵ خەڵكی یەمەن دەكەن لەم دانووستانانەدا بهشدار بن.
محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی گوتی نابێ جگە لە گرووپە نێوخۆییەكانی یەمەن، هیچ وڵاتێك لەم وتووێژانەدا بەشداری بكا.
بان كی موون، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشکرای کردوه که دانووستانەكانی نێوان لایەنەكانی شەڕ لە یەمەن، ڕۆژی ٧ی جۆزەردان لە شاری ژنێڤ دەست پێدەكاو لایەنە جۆراوجۆرەكانی دیكە، وەك حووسییەكانو دەوڵەتی دوورخراوەی یەمەنیش، ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لەم وتووێژانەدا ڕاگەیاندووە.
لهو بارودۆخهدا نوێنەرانی عەرەبستان و یەمەن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دهڵێن كە لەم دانووستانانەدا، ئێران بۆی نییه بهشدار بێ، چونكی ئەم ڕێژیمە پشتیوانی سەرەكیی حوسییەكانی ئەم وڵاتەیە.
عەبدوڵڵا ئەلموعەلیمی، باڵوێزی عەرەبستان لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆکاری دژایەتی وڵاتهکهی بۆ بهشداریی ئێران لەم كۆنفرانسەی ئاوا باس کردوه که ئێران نە سنووری هاوبەشی لەگەڵ یەمەن هەیەو نە ئەندامی شوورای هاوكاریی كەنداوی فارسه نه ئهندامی کاتیی شوورای ئهمنیهتی نهتهوه یهکگرتووهکانه، كەوابوو وهک چۆن وڵاتێكی وەك برێزیل بانگهێشتی ئەم كۆنفرانسە ناكرێ، ئێرانیش ناتونێ بەشداری تێدا بكا.
لە لایەكی دیكەوە ئیسماعیل ولدالشێخ ئەحمەد، نێردراوی تایبەتی بان كی موون بۆ كاروباری یەمەنیش ڕایگهیاندوه که لەگەڵ ئێران سەبارەت بە كێشەكانی یەمەن جیاوازیی بیروڕای زۆرمان هەیە.