بەرهەمێکی دیکەی عەلیئەشرەف دەروێشیان کرایە کوردی
چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، لە نووسینی عەلیئەشرەف دەروێشیان نووسەری کوردی خەڵکی کرماشان، لەلایەن شەریف فەلاح شاعیر و وەرگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی.
ئەم بەرهەمە پێنجەمین بەرهەمی وەرگێڕانی شەریف فەلاح و نۆیەمین کتێبی چاپکراوییە کە بە قەبارەی بچووک و لە دووتوێی ١٠٨ لاپەڕە و بە ئەژماری١٠٠ دانە لەلایەن “چاپەمەنیی مانگ” لە بانە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
چیرۆکەکانی ئەو ساڵانە، چوار چیرۆکی درێژی مێرمنداڵانی لەخۆ گرتووە کە بە قەڵەمی پڕ لە سیحری عەلی ئەشرەف دەرێشیان، نووسەری ناوداری کوردی فارسی نووسی کرماشان و بە ناوەرۆکی سیاسی، بەڵام بە زمان و دەربڕینی منداڵانە نووسراون و باس لە دۆخی کۆمەڵگەی کرماشان لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دەکات.
ئەم چوار چیرۆکەی دەروێشیان لە ساڵانی ڕابردوودا بە فارسی هەرکامەیان بەجیا چەند جار چاپ کراون و جارێکیش پێکەوە و لەژیر ناوی “قصەهای آن سالها” چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
پێشتر دوو بەرهەمی دیکەی عەلی ئەشرەف دەروێشیان بەناوەکانی “ساڵانی هەورین (ڕۆمان) و ئەفسانە کوردییەکان (ئەدەبی زارەکی) لەلایەن عەزیز گەردی وەرگێڕی ناسراوی کوردەوە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی.
دەروێشیان ساڵی ١٩٤١ لە خێزانێكی كرێكاری گەڕەكی “ئاوشووران”ی شاری كرماشان لەدایك بووە. ساڵی ١٩٥٨ خوێندنی خانەی مامۆستایان تەواو دەكات و بۆ مامۆستایی، رەوانەی گوندەكانی دەوروبەری كرماشان و گێڵانی رۆژئاوا دەكرێت. ساڵی ١٩٦٦ لە بەشی وێژە و ئەدەبی فارسیی زانستگەی تاران دەست بە خوێندن دەكات و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی بكالۆریۆس، لە بەشی دەروونناسیی پەروەردەدا درێژە بە خوێندنی ماستەر دەدات، هاوكات لە خوێندنگەی باڵای تاران لە بەشی راوێژكاری و رێنمایی فێركاری دەخوێنێت. ساڵی ١٩٧٣ یەكەمین كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو دەبێتەوە. لە ساڵی تا ١٩٧٨، لەبەر نووسینی كتێبی “لەم هەرێمەوە” و بەهۆی چالاكیی سیاسی، سێ جار قۆڵبەست و خامەی یاساخ دەكرێت. یەكەم جار لە كرماشان بۆ ماوەی هەشت مانگ دەخرێتە گرتووخانەوە، دواتر دەروێشیان لە تاران دەگیرێت و حەوت مانگ لە گرتووخانەدا دەمێنێتەوە. دەروێشیان دوا بەدوای ئەمە لە زانكۆ دەردەكرێت و لە پیشەی مامۆستایەتیش دوور دەخرێتەوە. ساڵی ١٩٧٤ دیسان قۆڵبەست دەكرێتەوە و ١١ ساڵ زیندانی بۆ دەبڕدرێتەوە. دەروێشیان ئیتر لەو دەمەوە دەخرێتە گرتووخانە و تا سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لە گرتووخانە دەمێنێتەوە.
سەرجەمی کتێب و بەرهەمەنووسراوەکانی دەروێشیان کەتا ئێستا ئامادەو چاپ و بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە60 بەرهەمە کە بریتین لە بوارەکانی “چیرۆک بۆ منداڵان و مێرمنداڵان”، “کۆکردنەوە”، “کورتەچیرۆک و رۆمان” و “فەرهەنگی خەڵکی ئاسای
گرنگترین و بەرچاوترین بەرهەمی “عەلی ئەشرەف دەروێشیان” نووسین و کۆکردنەوەی پرۆژەیەکی گەورەیە بەناوی “فەرهەنگی ئەفسانەکانی خەڵکی ئێران لە20 بەرگدا” کە بەرهەمی 22 ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی ئەم نووسەرەیە.
دەروێشیان لە بەرهەمەكانیدا رووخساری ئاوێتە بە زەبر و زەنگ و بێ بەزەییانەی هەژاریی و بەلەنگازی دەخاتە بەردیدە و چەندە جوان، هەژێنەر و كاراش دەست بۆ خامەكەی دەبات. ئەو زۆر جوان پەی بە هەژاری دەبات و دەیناسێت، ساڵەهای ساڵ بەلای منداڵانی گوندەوە ژیان بەڕێ دەكات و رەنج و مەینەت و چەرمەسەریی ئەوان بەردەوام گیان و ناخی ئازار دەدات. زۆر چیرۆكی دەروێشیان راڤەی ئەو وێنە دڵهەژێنانە دەكات كە بە درێژایی ژیان بەردیدەی كەوتوون.
شەریف فەلاح، شاعیر، وەرگێڕ و لێکۆڵەری ئەدەبی، ساڵی 1975 لە گوندی (گەزنە)ی سەر بە چەمشاری سنە لەدایک بووە.
هەتا ئێستا هەشت بەرهەمی نووسین، ئامادەکردن و وەرگێڕانی چاپ و بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە:
– لەبارەی ئەدەبیات و هونەر، تیۆریی ئەدەب – وەرگێڕان
– رۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرگی یەکەم: زمان و ئەدەبی زارەکی – نووسین و ئامادەکردن.
– رۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان ، بەرگی دووەم (لێکۆڵینەوە و دیداری ئەدەبی لەبارەی شیعری هاوچەرخی رۆژهەڵات) – نووسین و ئامادەکردن.
– چیرۆکە شیعری دڵداریی عەزیز و کوبرا، بە هاوبەشیی حەسەن سەلیمی- کۆکردنەوە.
– ماڵاوا ئیمپراتۆری شیعر، کۆمەڵە وتار و پەیام – بە بۆنەی کۆچی دوایی شیرکۆ بێکەس
ـ مێژووی نەورۆزو كڕۆنۆلۆژیای ئێران (مێژوویی) – وەرگێران.
– تێرامانێک لە حکوومەتی هەڵبژێردراوە، فەلسەفەی سیاسی- وەرگێڕان
– نەشتەرگەرە شێتۆکە – ڕۆمان وەرگێڕان